وەزارەتی پێشمەرگە: یەكەی ٧٠ و٨٠ نامێنن

بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیریی وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان رایگەیاند، ھێزی پێشمەرگە دەكرێتە ھێزێكی نیشتیمانی بە سیستەمی نێودەوڵەتی و ئەوكات پێشمەرگە دەبێتە یەك ھێزی یەكگرتووی كوردستان.

لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد پشدەری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندوە "لە پڕۆژە ٣٥ خاڵییەكەی چاكسازیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ٥ خاڵیان بە تەواوی جێبەجێ كراون و ١٣ خاڵی دیكەش لە جێبەجێكردندان، كە ھەشتیان نزیكە تەواو ببن و پێنجەكەی دیكەش نیوەی زیاتر تەواو بوون، بۆیە ھەنگاوی گرنگ بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە نراوە".

وتیشی، ئەو خاڵانەی لە پڕۆژەی چاكسازیی وەزارەتی پێشمەرگەدا جێبەجێ كراون، ھەموو بوارەكانی وەزارەت لە دەگرێت.

ئەوبەرپرسەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەوڵدەدرێت ھێزی پێشمەرگە بكرێتە ھێزێكی نیشتیمانی لەسەر سیستەمی ھێزی نێودەوڵەتی و كاری باش بۆ ئەمەش كراوە.

بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیریی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر حكوومەتیش پێك ھات ئەو ھێزە دروست دەكرێت و راستەوخۆش یەكەی ٧٠ و٨٠ نامێنن و ھەموویان یەك دەخرێن، چونكە سیستەمێكی زۆر باش و رێكخراوە، هەروەها كاری بەردەوام لە پڕۆژەكەدا دەكرێت و بەردەوامیش دەبێت تاوەكو تەواوی خاڵەكان جێبەجێ دەكرێن.


PM:02:18:13/04/2019