ئێران لەبەرامبەر بڕیارەکانی ئەمریکا داوای هەڵوێست لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بەرامبەر بڕیارەكەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سەبارەت بە سوپای پاسدارانی ئێران هەڵوێست وەربگرن.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند، وڵاتەكەی داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات لەبارەی بڕیارەكەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سەبارەت بە هەژماركردنی سوپای پاسدارانی ئێران لە لیستی تیرۆری وڵاتەكەیدا هەڵوێست وەربگرن.

هاوكات ئیدانەی ئەو هەنگاوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكای كرد كە هەفتەی رابردو تێیدا لەبارەی سوپای پاسدارانەوە بریاریدا و بە "هەنگاوێكی ناڕەوا" ناویبرد، لەكاتێكدا سوپای پاسداران پێگەیەكی گەورەی هەیە و زۆرینەی كاروباری وڵات و ئابوریەكەی لەژێر دەسەڵاتی ئەو هێزەدایە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بە مەبەستی هەڵوێست وەرگرتن لەسەر ئەو "هەنگاوە ئەمریكیە ناڕەوایە" پەیامی بۆ هەریەك لە ئەنتۆنیۆ جوتێرێش، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناردوە .

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە رۆژی دوشەممە 8ی نیسان رایگەیاند، سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە لیستی تیرۆری وڵاتەكەیەوە، دوابەدوای بڕیارەكەی ترەمپ، كۆماری ئێران هاوشێوەی ترەمپ هێزی سەربازی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكای خستە لیستی تیرۆری وڵاتەكەیەوە.



PM:05:27:14/04/2019