دەستەی دەستپاكی: بەراورد بە ساڵی ٢٠١٧ لە ساڵی ٢٠١٨ دا رێژەی گەندەڵی زیادیكردووە

دەستەی دەستپاكی هەرێم راپۆرتی ساڵانەی تایبەت بە كەیسەكانی گەندەڵی بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد، بەراورد بە ساڵی ٢٠١٧ لە ساڵی ٢٠١٨ دا رێژەی گەندەڵی زیادیكردووە.

ئەمرۆ دووشەممە ١٥ی نیسانی ٢٠١٩، سەرخێل هاشم، بەرپرسی راگەیاندنی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان راپۆرتی ساڵی ٢٠١٨ی تایبەت بە گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و رایگەیاند، بەهای گەندەڵی خەمڵێندراو لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی ٢٠١٨دا بڕەكەی ٢٧٥ ملیار و ٧٢٠ ملیۆن دینار بووە لەو بڕە پارەیەش تەنها پێنج ملیار و ٣٨١ ملیۆن دینار گەڕێندراوەتەوە .

سەرخێل هاشم روونیكردەوە، كە نەبوونی دادگایەكی سەربەخۆ تایبەت بە دەستەی دەستپاكی لە هەرێمی كوردستان بۆتە گرفت لە بەردەم یەكلاكردنەوەی كەیسەكانی گەندەڵی لە كاتێكی زوودا، راشیگەیاند "لە فەرمانگەی دادوەری دەستگیركردن و ئامادەكردنی ١٤٠ بڕیار بۆ  ئامادەبون و دەرچوون هەبووە، بەڵام  ٨٢ یان جێبەجێكراون و ٥٨یان جێبەجێنەكراون، هەروەها ٥٧ بڕیاری دەستگیركردن دەرچوو كە ٢٩ یان جێبەجێكراون و ٢٨یان جێبەجێنەكراون".

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم ئەوەشی خستەروو، كەیسەكانی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی ٢٠١٨ بەراورد بە ساڵی ٢٠١٧ زیادی كردووە.

بە پێ ئامارەكان لە ساڵی ٢٠١٨ دا ١٧٠ كەیسی گەندەڵی ئاراستەی دادگا تایبەتمەندەكانی كەتن و تاوان كراون، لەو رێژەیەش تا ئێستا تەنها ٣٣ كەیسیان یەكلاكراوەتەوە و ١١٧ كەیسیان لە دادگایە، ٣٠ كەیسیشیان گەڕێندراوەتەوە.



PM:02:22:15/04/2019