پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له رێی تانه‌یه‌كی جیاواز و تایبه‌ته‌وه ده‌یه‌وێت ھه‌ڵبژاردنی شاره‌وانی ئیستانبوڵ دووباره بكرێته‌وه.
ئیحسان یاووز، جێگری سه‌رۆكی ئاكه‌په رایگه‌یاندووه، پارته‌كه‌یان ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ پێشكه‌شكردنی تانه‌یه‌كی جیاوازی ته‌واوكردووه و له ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا پێشكه‌شی لیژنه‌ی باڵای ھه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیای ده‌كات.
وتیشی "ده‌مانه‌وێت له‌و رێیه‌وه ھه‌ڵبژاردنی شاره‌وانی له ئیستانبوڵ دووباره بكرێته‌وه".
ئه‌گه‌رچی 31ی ئازاری رابردوو ھه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی توركیا به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام ھێشتا ده‌نگه‌كانی شاره‌وانی ئیستانبوڵ یه‌كلانه‌كراوه‌ته‌وه.
ئه‌كره‌م ئیمام ئۆغڵو كاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ شاره‌وانی ئیستانبوڵ داوایكردوه به‌زووترین كات ئه‌نجامه‌كان رابگه‌یه‌نرێن.
به‌پێی دووباره ژماردنه‌وه‌ی دەنگەکان له 97.4 %ی ده‌نگه‌كانی شاره‌وانی ئیستانبوڵ، كاندیده‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن به جیاوازی 14 ھه‌زار ده‌نگ له‌پێش بیناڵی یەڵدرم، كاندیدی ئاكه‌په‌وه‌یه.