لە ڕۆژی ژینگەی هەرێمدا داوای پاراستنی ژینگە دەكرێت

ئەمڕۆ 16ی نیسان ڕۆژی ژینگەی هەرێمە و حكومەتی هەرێم و ڕێكخراو و چالاكوانانی ژینگە داوای پاراستنی ژینگە لە یەكتر دەكەن.

ئەمڕۆ سێشەممە 16-4-2019، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێوڕەسمێك لە شاری هەولێر بەبۆنەی رۆژی ژینگە، رایگەیاند، پیسبوونی ژینگە مەترسییەكی گەورەیە لە جیھاندا و دەبێ چارەسەر بكرێت، جیھان پێویستیی بە ھەماھەنگیی زیاتر و تێگەیشتنێكی باشترە لەو مەترسییە.

نێچیرڤان بارزانی هەروەها رایگەیاند، دوژمنانی گەلی كوردستان بە درێژایی سەدەی رابردوو، هەوڵیان داوە ژینگەی كوردستان تێك بدەن و ئەوەی لە دەستیان هاتبێ لە پیسكردن و تێكدانی ژینگەی كوردستان، كەمتەرخەمییان تێدا نەكردووە.

لەبارەی رێگریكردن لە پیسبوونی ژینگەی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، لە كوردستان هەنگاوی باش نراوە، وەك یاسای تایبەت بە پاراستنی ژینگە، دامەزراوەی تایبەت بە پاراستنی ژینگە و داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە هاووڵاتییان كرد بەشداربن لە پاراستنی ژینگەی كوردستان و رایگەیاند، "دەبێت پاراستنی ژینگە خەم و ئەركی ڕۆژانەی ھەموو تاكێكی ئەم وڵاتە بێت".

نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە كردەوە، كە حكوومەت بە ستراتیژییەكی نیشتمانی بۆ پاراستنی ژینگە لە باخچەی ساوایانەوە تا زانكۆ، ھەوڵ دەدات باشترین ھۆشیاریی ژینگەیی لە دڵی تاكی كوردستان جێگیر بكات.

نێچیرڤان بارزانی داواشی لە هاووڵاتییان كرد دار و درەخت بڕوێنن و رایگەیاند، "وەرن پێكەوە بە پاراستنی سرووشت و ژینگە، ژیان لە كوردستان خۆشتر و جوانتر بكەین و با هەموومان چیرۆكی خۆشەویستیمان لەگەڵ دارێك، درەختێك یان گوڵێكدا هەبێت".

ڕێكخراو و چالاكوانانی ژینگەش لەم ڕۆژەدا گلەیی و ڕەخنەكانیان ئاڕاستەی حكومەت و لایەنی بەرپرس دەكەن و پێیانوایە حكومەت وەك پێویست هاوكار نەبووە لە پاراستنی ژینگە و لێپرسینەوە و بە سزا گەیاندنی تاوانبارانی ژینگە.


 




PM:01:37:16/04/2019