لەبارەی دواکەوتنی مووچەوە حکومەت ڕوونکردنەوە دەدات


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم روونکردنەوە لەبارەی ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی داھاتووی ھەرێم و دواکەوتنی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران دەدات.

قوباد تاڵەبانی، لەمیانی ئامادەبوونی لە مەراسیمێکدا لە سلێمانی رایگەیاند، پڕۆسەی سیاسی ھەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە دەچێت و لەکۆتایی قۆناغی پێکھێنانی حکومەتداین، وتیشی " پێموایە کە حکومەتی داھاتووی ھەرێم پێکھات، دەتوانێت درێژەپێدەری کارەکانی کابینەکانی پێشووتر بێت".

لەبارەی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانەوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، رێککەوتن لەنێوان یەکێتی و پارتی و گۆڕاندا ھەیەو پێموایە ھەموو لایەک دەگەنە رێککەوتن.

لەبارەی پرسی دواکەوتنی دابەشکردنی موچی فەرمانبەران و ناردنی پارەی موچە لە بەغداوە، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ئاشکرایکرد، ھیچ شتێکمان نەبیستووە لە بەغداوە لەسەر ئەوەی کە کێشە ھەبێت لە ناردنی پارەی موچەی فەرمانبەران.

سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی ھەردوو وەزارەتی پیشمەرگەو بەرگری عیراقیش، قوباد تاڵەبانی وتی "ھەردوو وەزارەتەکە لە پەیوەندیدان و چەند لیژنەیەک لەنێوانیاندا پێکھێنراوە بۆ ئەوەی ھەماھەنگی ئەمنی ھەبێت و لێتێگەیشتنی باشیش ھەیە".


PM:06:07:17/04/2019