ئەو پارەیەی بەغدا بۆ مووچە ناردویەتی هەرێم لەبواریی تردا خەرجی کردووە


پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات ئەو پارەیەی لە بەغداوە رەوانەی هەرێم كراوە چارەنوسی دیار نییە و، نەك بۆ موچە بەڵكوو لە بابەتی تردا خەرجكراوە.

لە وتووێژێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، رێبوار كەرێم مەحمود ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: پاش پەیوەندیمان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار كە وەزارەتی داراییە، بۆمان دەركەوت كە موچەی مانگەكانی(2،1 هەروەها 3) نێردراوە بۆ هەرێم بەڵام ئێستا هەرێمی كوردستان سەرقاڵی دابەش كردنی موچەی مانگی یەكە، كەواتە كوا موچەی مانگەكانی یەك و دوو؟ بۆیە ئەو بابەتە بەو جۆرە نیە تەنها بەشە بودجەی مانگی چوار نەگەیشتووە، لەكاتێكدا هەرێم هێشتا موچەی مانگی یەكی نەداوە، نەخێر ئەوە هەرێمە پارەی موچەی مانگی (3,2,1، )ی لەبابەتی تردا خەرج كردووە".

راشیگەیاندووە: "ئەوەی بیستومانە ئەوەیە كە ئەو پارەیە دراوەتە وەبەرهێنەران بەڵام ئەوەی كە لێی دڵنیاین ئەوەیە پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە لەبەغدادەوە هاتووە لەشتی تردا خەرج كراوە، وە ئێمە سەرقاڵین تا دڵنیابینەوە لەچیدا خەرج كراوە؟."

رێبوار كەریم مەحمود جەختیشی كردۆتەوە،" هەموو ڕێگایەكی یاسایی دەگرینەبەر بەڵام جارێ چاوەڕێیی ئەوەین بزانین ئەو پارەیە كە گەیشتینە دەرئەنجامی ورد لەسەر دیارنەمان و "بەتاڵان بردنی" ئەو پارەیە بێگومان قسەی خۆمان دەبێت، چونكە ئێمە پارەمان هێناوە بۆ موچەی فەرمانبەران كە موچەی پێ نادەن كوا؟ كەواتە یا دەبێت پێمان بڵێن براوە بۆ كوێ یا ئەو پارەیەیان بە "تاڵان" بردووە، چونكە كە پارەیەك هاتبێتە هەرێم و نەدرابێت بە موچە ئەی بەتاڵان نەبراوە بۆ كوێ چووە؟ كەس نازانێت!"



PM:01:24:19/04/2019