ژمارەی حاجیانی عێراق و هەرێم زیاد دەکرێت

نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی، ڕایگەیاند ژمارەی حاجیانی عێراق بۆ سەفەری ئەمساڵی حەج، بەرز دەبێتەوە بۆ 50 هەزار كەس، بەو پێیەش چاوەڕوان دەكرێت بەشێكی بەر هەرێمی كوردستان بكەوێت.

نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، رایگەیاند: پشكی حاجییانی عێراق بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ، زیاد كراوە بۆ 50 هەزار كەس، دوای ئەوەی بۆ چەند دەیەیەك دەچێت وەك پێویست گرنگیی نەدراوە بە پشكی عێراق.

لە بەیاننامەیەكیشدا، مەسعود ئەحمەد لعێبی سەركردە لە هێزەكانی حەشدی شەعبی و ئەندامی دەستەی حەج و عەمرەی عێراق، رایگەیاند: لەمیانی سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ سعودیە، ژمارەیەك لە لێپرسراوانی دەستەی كارباری حەج و عەمرەی عێراق، بەشداربوون و توانیویانە ژمارەی حاجییانی عێراق بۆ وەرزی ئەمساڵ، بۆ 50 هەزار حاجی بەرزبكەنەوە.

وتیشی: لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی حاجییانی عێراقی، هەموو ئاسانكاری و پێداویستیەكیشیان بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ بۆ دابین دەكرێت.

بۆ فەریزەی حەجی ساڵی ڕابردوو، دەسەڵاتدارانی سعودیە، 33 هەزار و 690 كورسییان بۆ هاوڵاتییانی عێراق دابین كردبوو، لەو ژمارەیەش 15%ی بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان تەرخان كرا.


PM:04:44:19/04/2019