سێ ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی لەهەولێر دەستیان لە کارکێشایەوە

سێ ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵ کە کارەکانیان لە سنوری پارێزگای هەولێردایە دەستیان لە کارکێشایەوە.

ئەمڕۆ هەینی ١٩ی نیسان سێ ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵ کە پێکهاتوون لە لە سەلیم كۆیی ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی ناوەندی پەیوەندییەكانی كۆمەڵی ئیسلامی، سەعید هەركی ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی (11)ی دەوروبەری هەولێر و ئیسماعیل رەسول ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی (3)ی هەولێر، دەستیان لە كار كێشاوەتەوە. 

لە راگەیاندراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن " لە‌ سۆنگە‌ی بڕوابوونیان بە‌وە‌ی حزب دە‌بێ ئامرازێك بێت بۆ بە‌دیهێنانی ئامانجگە‌لێك كە‌ لە‌ سایە‌یدا دادپە‌روە‌ری و ئارامی و خۆشگوزە‌رانی بۆ خە‌ڵك دە‌ستە‌بە‌ر بكات و هە‌لی یە‌كسان بڕە‌خسێنێ بۆ دە‌رخستنی توانا و كارامە‌یی و لێهاتووییە‌كانی كادیران و ئە‌ندامە‌كانی لە‌پێناو خزمە‌تكردنی باشتر و هە‌ڵگرتنی بە‌رپرسیارێتی گە‌ورە‌تر بۆ گە‌ل و وڵاتە‌كە‌ی، ئە‌و كاتە‌ی حزب خۆی ببێت بە‌ ئامانج و سە‌رچاوە‌ی بژێوی بۆ كە‌سانێكی دیاریكراو و نە‌توانێت لە‌ خودی خۆیدا دادپە‌روە‌ری بە‌رقە‌رار بكات، پێویستە‌ سە‌ركردایە‌تی و كادیران و ئە‌ندامە‌كانی هە‌موو هە‌وڵ و تە‌قە‌لاكانیان بخە‌نە‌گە‌ڕ بۆ چاكسازی و ڕاستە‌ڕێكردنی، ئە‌گە‌رنا لانی كە‌م هە‌ڵوێست وە‌ربگرن".

ئەو سێ ئەندام سەركردەیەی كۆمەڵ دەڵێن "دوای ئەوەی بەشێكی زۆری تەمەنمان بەدڵسۆزانە و لێنەبڕاوانە لە رابوونی ئیسلامی بەسەربردووە و لە خزمەتی بانگەوازی ئیسلامی بووینە لە ریزەكانی كۆمەڵی ئیسلامی و پێشتریش لە چوارچێوەی بزوتنەوەی ئیسلامی، ئێمەی ئەندامانی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی، ئەمڕۆ هەینی رایدەگەیەنین كە واز لە گشت پۆستەكانمان دەهێنین و دەست لەكار دەكێشینەوە لە ئەندامیەتی ئەو حزبە".

بڕیارەكەشیان گەڕاندووەتەوە بۆ چوار خاڵ، كە ئەمانەن:
یەكەم: نەبوونی پرۆژەیەكی سیاسی گشتگیر بە جۆرێك خزمەتی گشت چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردی بكات بێ جیاكاری لە نێوان تاكەكانی.
دووەم: جێبەجێنەكردنی ئەو بنەما پیرۆزانەی ئیسلام كە بانگەشەی بۆ دەكرێت لەناو حیزب. بنەماكانی دادگەری و یەكسانی و شورا و راوێژ، تەنها بوونەتە دروشم و لە هەڵسوكەوتی ناو حزب بەدی ناكرێن و پێچەوانەكەشی جێبەجێ دەكرێن لە قۆرخكاری دەسەڵات لەناو گرووپ و باڵێكی ناو كۆمەڵی ئیسلامی و دەركردنی چەندین بڕیاری نادادوەرانە بەسەر كادیر و ئەندامانی ناو حزب.
سێیەم: پشتگوێخستنی پێگەی سیاسی و ئابوری و دیپلۆماسی و جەماوەری شاری هەولێری پایتەخت لەلایەن باڵی دەسترۆیشتووانی ئەنجومەنی بانگەواز و بەڕێوەبردن. تەنانەت زۆر جار كێشە و گرفتی گەورە دروستكراوە بۆ مەڵبەند و ئەنجومەنەكانی سنوری پارێزگای هەولێر لەلایەن ئەو گرووپە.
چوارەم: نەبوونی ستراتیژ و پلانی سیاسی تۆكمە لەلایەن حزبەوە. ئەم نەبوونی پلانەش بۆتە هۆكاری ناروونی لە سیاسەتی حزبدا؛ هەر بۆیە تا ئێستاش خەڵكی كوردستان بەرچاوی رۆشننیە ئایا كۆمەڵ حزبێكی ئۆپۆزسیۆنە یاخود بەشدارە لە حكومەت.

لە كۆتاییشدا دووپاتیان كردووەتەوە دەست لەكاركێشانەوەیان لەو حزبە مانای دەستبەرداربوونیان ناگەیەنێ لە پرۆژە ئیسلامی و چاكسازیەكان، بەڵكو دەبێتە سەرەتای دەستپێكی قۆناخێكی نوێی بانگەوازی ئیسلامی و پرۆسەی چاكسازی سیاسی ریشەیی لە هەرێمی كوردستان.
 کۆی ژمارەی سەرکردایەتی یەکێتی بە تێکڕای دەستەکانیەوە ٣٧ ئەندامن.



PM:08:04:19/04/2019