سێ بەرپرسی گۆڕان کێبەرکاری دەکەن بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم
سێ کاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان کێبەرکێ دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سپی ناوی سێ کاندیدەکە بلآودەکاتەوە.
هەرچەندە لەنێو میدیاکاندا ئاماژە بۆ ئەوە دەکرا کە تاکە کاندیدی گۆڕان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم مستەفای سەید قادرە کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمیشەوە پاڵپشتی دەکرێت، بەلآم ئێستا ژمارەی کاندیدەکان بوونەتە سێ هەڵسوڕاوی دیاری گۆڕان.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، ئێستا لەتەک مستەفای سەید قادر، هەریەک لە جەمال محەمەد ئەندامی خانەی راپەڕاندن سکرتێری چڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان و، محەمەد تۆفیق ئەندامی خانەی راپەڕاندن و زاوای نەوشیروان مستەفا خۆیان کاندیدکردووە بۆ ئەو پۆستە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە محەمەد تۆفیق لەلایەن کوڕەکانی نەوشیروان مستەفاوە راسپێردراوە خۆی کاندید بکات بۆ ئەو پۆستەو، زیاتر وەک کارتێکی فشار بەرامبەر مامۆستا جەمال محەمەد دانراوەو، پێدادەگرێت تا جەمال محەمەد پاشەکشە نەکات ئەویش لە خۆ کاندیدکردنەوە ناکشێتەوە، بۆ ئەوەی لە ئەنجامدا پۆستەکە بۆ مستەفای سەیدقادر کە دۆستی نزیک بنەماڵەی نەوشیروان مستەفایە بمێنێتەوە.
هەرچەندە بڕیاری تەواو لەسەر تاکە کاندیدێکی گۆڕان بۆ ئەو پۆستە نەدراوە، بەلآم وەک سپی زانیوویەتی شێوەی گەمە سیاسیەکە بەو شێوەیە دەبێت کە لەکۆتایی دا مستەفای سەید قادر وەک کاندیدی گۆڕان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم بمێنێتەوە.
PM:09:21:19/04/2019