پارەیەکی زۆر لە ماڵی عومەر بەشیر دۆزرایەوە

دەزگا ئەمنییەکانی سودان بڕێک پارەی زۆریان لە ماڵەکەی عومەر بەشیر، سەرۆکی لەسەرکار لادراوی وڵاتەکەیان دۆزیەوە. 

 ئەمڕۆ شەممە هێزێکی سەربازی و دەزگای هەواڵگری بەمەبەستی پشکنین هەڵیکوتایە سەر شوێنی نیشتەجێبونی عومەر بەشیر، سەرۆکی لەسەرکار لادراوی سودان و بڕی شەش ملیۆن یۆرۆ و 351 هەزار دۆلاری ئەمریکی و نزیکەی پێنج ملیار پاوەندی سودانییان لە ماڵەکەی دۆزییەوە.
 
هاوکات موعتەسەم عەبدوڵا، نوێنەری راسپێردراو بۆ کەیسی گەندەڵی بە رۆژنامەی الرأی العام-ی سودانی راگەیاندوە، پاش دۆزینەوەی پارەکە، راستەوخۆ فەرمانی کردنەوەی فایلی تایبەت بەو پرسە لەدادگای رووبەروبوونەوەی گەندەڵی بەڕێنمایی ئەنجومەنی سەربازی راگوزەر دراوە. 

ئەو نوێنەرەی کەیسی گەندەڵی باسی لەوەشكردووە، کەن ئەو فەرمانی پشکنینی شوێنی نیشتەجێبونی عومەر بەشیری دەرکردوە و بەپێی مادەکانی 5 و 6ی یاسای دراوە بیانییەکان و ماددەی 35ی یاسای سپیکردنەوەی پارە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

پێشتریش ئەنجومەنی سەربازی  سودان ئاشکرایکرد، کە سەرۆکی پێشوی سودان رەوانەی زیندانی کوبەر کراوە لەخەرتومی پایتەخت.



PM:03:16:20/04/2019