ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ بەیاننامەیەک لەسەر راگەیەندراوەکەی شەوی رابردووی فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمان بڵاودەکاتەوە، کە تاییدا رەخنەی توندیان لە جوڵانەوەکە کردو رایانگەیاند " جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ خێزان و بزنس تێکەڵ کراوە".
لە بایاننامەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی" نێردراوە تیایدا ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەکردووە، تا ئێستا ئەنجومەنی باڵا و سەرۆکی جوڵانەوەکە هیج نوسراویک یاخود یاداشتێکی بە دەست نەگەیشتووە لە لایەن هیج نوێخوازێک و پەرلەمانتارێکی لیستەکە کە باس لە هەر جۆرە گلەییەک بکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ ١٢ ئەندامە و تەنا حەوت ئەندامی ئەنجومەنەکە لە دەرکردنی بەیاننامەکە بەشداربوون.
دەقی بەیاننامەکە:
بەیاننامەیەک بۆ رای گشتی
ئێمە وەک زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا رایدەگەیەنین کە ئەنجومەنەکەمان تاکە دامەزراوە و ئۆرگانی فەرمی جوڵانەوەکەیە، وە دەنگدان لەم ئەنجومەنە بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ مادەی ١٣ برگەی ٧ ، پێویستی بە نیوە زائید یەکی دەنگەکانی ئەندامەکانی هەیە لە کۆی ١٣ ئەندام کە ٧ ئەندام دەکات.
بە رای گشتی ڕا دەگەیەنین کە پێش ئەم بەیاننامەیە، هیج بەیاننامە و نوسراوێک لە ئەنجومەنی باڵاوە دەرنەچووە و ئێمە جوڵانەوەیەکین کە کاری سەرەکیمان وەستانەوەیە بە روی پارتی و یەکیتی و ئەو دەسەڵاتە ناشیرینە. نەک بێین لە میدیاکانەوە گلەیی لە یەکتر بکەین و لە بری چارەسەرکردنی کێشەی هاوڵاتییان، خەریکی دروستکردنی کێشە بین بۆ هاوڵاتییان، هەر وەک زۆرینەی حیزبە تەقلیدییەکانی تر .
وە تا ئێستا ئەنجومەنی باڵا و سەرۆکی جوڵانەوەکە هیج نوسراویک یاخود یاداشتێکی بە دەست نەگەیشتووە لە لایەن هیج نوێخوازێک و پەرلەمانتارێکی لیستەکە کە باس لە هەر جۆرە گلەییەک بکات.
وەهەر نوێخوازێک گلەیی یان سەرنجی هەیە ئەوا دەتوانێت بیگەیەنێت بە ئەنجومەنی باڵا یان سەرۆکی جوڵانەوەکە، هەمیشە دەرگامان کراوەیە و حەق وایە هەمووان گفتوگۆی هاوڕێیانە بکەین، گەر بابەت خزمەتی هاوڵاتییان و ڕێزگرتنە لە دامەزراوەکانی جوڵانەوەکە
خۆ ئەگەر مەبەست خزمەتکردنی پارتی و یەکیتی بێت و مەبەست بێهیوا کردنی خەڵک بێت، ئەوا بەیاننامە دەرکردن دژی یەکتر باشترین خزمەت بەم دەسەڵاتە دەکات و گەورەترین زەرەر لەم جوڵانەوەیە دەدا کە رۆژ بە رۆژ گەورەتر دەبێت و لە ناو خەڵکدا زیاتر دەبێتە جێی متمانە. هەر ئەمەشە وای کردوە کە لەم کاتەدا هەندێک کەس بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست، ئەو کارە نەشیاوانە بکەن لە بری دانیشتنی هاورێیانە و گفتوگۆی بونیادنەرانە.
هەروەها بە بیری هەموو لایەکی دەهێنینەوە کە تەواوی ئۆرگانەکانی جوڵانەوەکە و پەرلەمانتارە بەرێزەکان بەرپرسن لە بەردەم هاوڵاتییان و هەروەها ئەنجومەنی باڵا و سەرۆکی جوڵانەوەکە، وە ئەنجومەنی باڵا تاکە دامەزراوەیە کە مافی لێپرسینەوە و بریاردانی هەیە بە پێی پەیرەوی ناوخۆ و هەروەها کۆنگرەی دامەزراندنی جوڵاوەکە کە لە بەرواری ٢٠١٨/١/٥ دا پەیرەوی ناوخۆی تێدا پەسەند کرا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە.
ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ ٢٠١٩/٤/٢٢
(ئەم بەیاننامەیە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا و ڕەزامەندی و دەنگی سەرۆکی جوڵانەوەکە دەرکراوە کە ئەمە ناوەکانیانە).
شاسوار عبدالواحد قادر
د.محمد ڕەئوف
دۆستی احمد موسی
گوڵاڵە محمد امین سعید
هەوڕاز زایر مصطفى
یسری محمود مەلا مبارک
سنور صالح ابراهيم