هۆشیار عەبدوڵا: عادل عەبدولمەهدی موچەی فەرمانبەران بەپێی یاسا خەرج دەكات

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی،‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عیراق لە فراكسیۆنی گۆڕان رایگەیاند كە بەهۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم عەبادی شەڕ بە عادل عەبدولمەهدی دەفرۆشێت و دەڵێت "عادل عەبدولمەهدی موچەی فەرمانبەران بەپێی یاسا خەرج دەكات".

لە راگەیەندراوێكدا هۆشیار عەبدوڵا، ڕەخنە لەو لایەنە سیاسیانە دەگرێت كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراقیان كردۆتە ئامانج بەهۆی ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەچوارچێوەی یاسا و بەپێی یاسای بودجە خەرج دەكات و دەڵێت "ناتواندرێت سیاسەتی عەبدولمەهدی بەرامبەر هەرێم بە سیاسەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو بەراورد بكرێت، كە موجامەلەی سەركردەی حزبە كوردیەكانی دەكرد لەسەر حسابی بەرژوەندی هاوڵاتیانی هەرێم".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئاماژەی‌ بەوەداوە كە "گروپێك سیاسی و پەرلەمانتاری نزیك لەعەبادی، عەبدولمەهدی بەئامانج دەگرن، بەبیانوی ئەوەی كە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدات، لەگەڵ ئەوەی كە ئەمڕۆ موچەی فەرمانبەران لەچوارچێوەی یاسا دەدرێت و لەیاسای بودجەدا بڕیاری لەسەردراوە، بەڵام لەخولی پێشوودا راستەوخۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بەرێژەیەكی دیاریكراو رەوانە دەكرد بەبێ ئەوەی هیچ چوارچێوەیەكی یاسایی هەبێت، و لەپێناوی رازیكردنی لایەنەسیاسیە كوردیەكان بوو بۆئەوەی پشتیوانی بكەن بەمەبەستی بەدەستهێنانەوەی ویلایەتی دووەم، بەم جۆرەش جیاوازیەكی گەورە هەیە لەنێوان رێكاری ناردن لەلایەن عەبادی و عەبدولمەهدی".

هەروەها دەڵێت كە "وادەردەكەوێت عەبدولمەهدی تێروانینێكی رون و ستراتیژی هەیە بۆ چارەسەری پرسی نەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستان، و نیەتی جدی هەیە بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە و كێشە هەڵواسراوەكانی چەندین ساڵەی نێوان هەردوولا ئەوەش تێروانینێكی ئەرێنیە و شایستەی ئەوەیە پشتیوان و هەمەهەنگی بین".

راشیگەیاندووە "من بەو كەسانە دەڵێم كە عەبدولمەهدی بەئامانج دەگرن، هێشتا زووە بۆ ئەو هەنگاوە، چونكە تائێستا كاتی پێویستی پێنەدراوە، بۆیە پێویستە دەرفەتی زیاتری پێ بدەین بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر بكات كە دەتوانێت، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بەپرسی نەوتەوە هەبێت".

دەشڵێت "ئێمە پشتیوانی بنەمایی شەفافیەت دەكەین تێیدا و پێمانوایە پێویستە لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت و گرنگترین شتیش ئەوەیە كە هاوڵاتیانی هەرێم باجی ناكۆكیەكان نەدەن، وەك ئەوەی لەسەردەمی عەبادی رویدا كاتێك خۆی لەدۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو كێشەیە دزیەوە و بەوەش نەوتی هەرێم دەدزرا و خەڵكیش بێ موچە بوو".

ئاماژەی بەوەشكرد كە "ساڵی 2018 لەكۆتایی خولی پێشوودا رێژەیەكی دیاریكراو لەموچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدرا كە كۆی پارەكە 317 ملیار دیناری مانگانە بوو لەلایەن عەبادی و بۆ مەبەستی سیاسی و كاتێكیش عەبدولمەهدی دەستی كرد بەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەچوارچێوەی یاسا و لەرێگەی بودجەوە، عەبادی لەرێگەی ژمارەیەك لە پەرلەمانتار و سیاسیە نزیكەكانی دەستیان كرد بە بەئامانج گرتنی عەبدولمەهدی تەنها لەبەر ئەوەی ویژدانی بەرامبەر هاوڵاتیانی هەرێم بەكارهێنا، لەبەئەوەی دەستی كردووە بەهەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ بەئامانجی چارەسەری كێشەكان بەشێوەیەكی جدی".

جەختیشدەكاتەوە كە "عەبدولمەهدی بە ئینصاف بوو بەرامبەر هاوڵاتیانی هەرێم سادە و زەحمەتكێشن كە لەموچەكانیان بێبەش كرابوون، هەمان ئەو كەسانەن كە عەبادی لەخولی پێشوودا سزای دەدان، كاتێك موجامەلەی سەركردەی حزبە گەورەكانی هەرێمی دەكرد لەسەرحسابی بەرژوەندی هاوڵاتیان".

هەروەها دەڵێت "جیاوازیەكە لەنێوان دو كەسدایە كە عەبدولمەهدی و عەبادین یەكەمیان دڵی لای ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم و موچەكانیانە و دوەمیان هاوڵاتیان بێبەش دەكات لە موچە و موجامەلەی سەركردە سیاسیەكانی هەرێم دەكات لەپێناوی خواستە سیاسیەكانی".



PM:03:13:23/04/2019