ژمارەیەک کۆچبەر لە کەنار دەریای بەریتانیا دەستگیرکران

هێزەکانی کەنار دەریای بەریتانیا ٣٦ کۆچبەریان دەستگیر کرد، کە ویستوویانە بە بەلەمی بچوک خۆیان بگەیەننە بەریتانیا و ناسنامەکانیان ئاشکرادەکرێت.

میدیای ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، دوێنی دووشەممە ٢٢ی نیسانی ٢٠١٩ هێزێکی کەنار دەریای بەریتانیا ٣٦ کۆچبەری نایاساییان لە ٣ بەلەمی بچوکدا دەستگیر کردووە، کە بە نیازبوون بە دەریای "مانش"ی نێوان بەریتانیا و فەرەنسادا بپەڕنەوە بۆ بەریتانیا.

لە یەکێک لە بەلەمەکاندا ١١ کۆچبەر دەستگیر کراون  کە هاوڵاتی ئێرانی بوون و لە بەرەبەیانێکی زوودا هێزەکانی کەنار دەریا ئەو کۆچبەرانەیان دەستگیر کردووە و دەستبەجێ گوێزراونەتەوە بۆ شاری دۆڤەری بەریتانیا بە مەبەستی پشکنین و چاودێریکردنی تەندروستی و دواتر دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا.

لە بەلەمی دووەمیشدا ١٥ پیاو و ژنێک و منداڵێکی تیدابووە و سەرجەمیان هاوڵاتی عێراقی بوون، بەڵام بەلەمی سێهەمیان ٩ پیاو و ئافرەتێک دەستگیر کراون، کە سەرجەمیان هاوڵاتی ئێرانی بوون وسەرجەمیان گوێزراونەتەوە بۆ شاری دۆڤەری بەریتانیا.

لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا وڵاتی بەریتانیا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە بەشێوەیەکی بەرچاو لە ناو وڵاتانی ئەوروپادا کۆچبەران ڕوویان تێکردووە و زۆربەیان ویستوویانە بە کەناڵی ئینگلیزی نێوان بەریتانیا و فەڕەنسادا خۆیان بگەیەننە ئەو وڵاتە.



PM:07:19:23/04/2019