فازل میرانی بە پێچەوانەی مەسعود بارزانییەوە لەسەر پێکهێنانی حکومەت لێدوان دەدات

لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ فازل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی بە پێچەوانەی مەسعود بارزانیەوە لێدوان دەدات‌ و دەڵێت" کات دیاری کردن بۆ پێکهێنانی حکومەت راست نییە"، لە کاتێکدا سەرەتای ئەم مانگە مەسعود بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە " کاتی چاوەڕوانی کۆتایی هات".

سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، فازڵ میرانی، له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "كات دیاركردن بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت راست نییه‌، چونكه‌ ته‌نیا له‌ نێوان به‌ڵێنده‌ران و حكوومه‌ته‌كاندا كات دیار ده‌كرێت".

فازڵ میرانی وتیشی: "پێشبینی ده‌كه‌م ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌و پرسه‌ یه‌كلای بكه‌ینه‌وه‌".

ئەو لێدوانەی فازل میرانی دوای رۆژێک لە لێدوانەکەی نێچیرڤان بارزانی دێت لە یادی رۆژنامەگەری کوردی دا  کە خەڵاتی رێزلێنان بە مێژوونووسی کورد کەلیموڵڵا  تەوەحودی بەخشی و،  وتی " لەم ڕۆژانەدا کە نزیكه‌ی شەش مانگ زیاتر بەسەر ھەڵبژاردنی گشتی لە کوردستاندا تێدەپەڕێت، خۆتان دەزانن گلەیی زۆرە لەوەی کە پێکھێنانی كابینه‌ی نوێی حکوومەت دواکەوتووە".و وتیشی" ئه‌م دواكه‌وتنه‌ ئاسایییه، به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان وا ده‌خوازێ كه‌ كاتی ته‌واو بدرێته‌ پرۆسه‌ی گفتوگۆی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت‌".
ئەوە لە کاتێکدایە کە رۆژی ٣ ی نیسان بە پێچەوانەی لێدوانی نێچیرڤان بارزانی و فازل میرانییەوە، مەسعود بارزانی لە پێشەنگای کتێب لە هەولێر ٣ ی نیسان وتی  " ەروەک دەزانن لە 30ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچو و ئەنجامەکەی راگەیێندرا و ئاراممان لەسەر لایەنەکان گرت و دەرفەتی زۆرمان پێدان بۆ ئەوەی بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتی بکەن، کاتی تەواو و دەرفەتمان پێداون، بەڵام ئێستا گەیشتووینەتە قۆناخێک ناکرێت، کە چاوەڕوانی هەڵناگرێت و هیچ بیانوویێک قبووڵ نییە و کاتی چاوەڕوانی کۆتاییهات و پەرلەمان تەواوی رێکارەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و راسپاردنی سەرۆکوەزیران دەگرێتەبەر".

لە تەوەرێکی تردا سەبارەت بە بەستنی کۆنگرەی پارتی، ئەمڕۆ فازل میرانی وتی " "ئێمه‌ كێشه‌ی كۆنگره‌مان نییه‌. له‌ پارتیی دیموكراتی كوردستان، مه‌رجه‌عیه‌تێكمان هه‌یه‌، پێی ده‌ڵێن مه‌سعود بارزانی. ئه‌و به‌ نسبه‌ت ئێمه‌ كۆنگره‌یه‌، مه‌كته‌بی سیاسی و هه‌ڵبژاردنه‌. ئه‌و به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هه‌رچی بڕیارێك بدات، پێوه‌ی پابه‌ند ده‌بین. له‌ كۆنگره‌ش هه‌رچی بڵێت، واده‌كه‌ین".



PM:10:52:23/04/2019