لە ساڵیادی کارەساتی بۆردومانکردنی شاری قەڵادزێ بە دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە و بەردەوام لە خەمی سڕینەوەی کاریگەرییە نەرێنییە ئابووری و دەروونی و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و فەرهەنگییەکانی ئەو کارەساتە نەخوازراوانەیە".
دەقی پەیامەکە:
ئەمڕۆ چل و پێنج ساڵ بەسەر کارەساتی بۆمبارانکردنی شاری قەڵادزێی خۆڕاگردا لەسەر دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت کە ئاکامەکەی شەهیدبوون و برینداربوونی دەیان ڕۆڵەی گەلەکەمان بوو، جگە لە هەوڵی سڕینەوەی زانکۆی سلێمانی کە ئەو دەمە لە سایەی شۆڕشی ئەیلوولدا لە ئامێزی شاری قەڵادزێی ئازاددا بوو.
وێڕای چەندین شاڵاو و هەوڵی کاولکاری و جینۆساید و شەڕانگێزیی ڕژێمە سەرکوتکارەکانی پێشوو دژ بە کوردستان و گەلەکەی، بەڵام شاری قەڵادزێ وەک سەرجەم شار و شارۆچکە و گوندە خۆڕاگرەکانی کوردستان بە سەربەرزی مایەوە. لە جێگەی زانکۆیەکی زامدار، ئێستا لە کوردستاندا دەیان زانکۆی سەردەمیانەمان هەن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە و بەردەوام لە خەمی سڕینەوەی کاریگەرییە نەرێنییە ئابووری و دەروونی و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و فەرهەنگییەکانی ئەو کارەساتە نەخوازراوانەیە کە دەیان ساڵ لەسەر دەستی ڕژێمە ستەمکارەکان لە دژی کوردستان و کوردستانییان ئەنجام دراون و کاری بەردەوام دەکات بۆ بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی کوردستان و پێشخستنی کۆمەڵگاکەی لە هەموو ئەو بوارانەدا.
لەم یادەدا سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی بۆمبارانی ساڵی ١٩٧٤ و ڕاپەڕینە پیرۆزەکەی ساڵی ١٩٨٢ی قەڵادزێی خۆڕاگر و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
٢٤/٤/٢٠١٩