ژنە پەرلەمانتارێک: شاسوار عەبدلواحید هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی رووتمان لێدەکەن


خانمە پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، شادی نەوزاد،  رایگەیاند " شاسوار و باندەکەی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی رووتمان لێدەکەن". 

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە سیروان بابان و شادی نەوزاد، پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، تایبەت بە ناکۆکیەکانی نێو ئەو جوڵانەوەیە سازیان کرد، شادی نەوزاد رایگەیاند " ئێمە وەک ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵا، پەرلەمانتارانی کوردستان و فراکسیۆنەکەشمان لە بەغدا لە بەیاننامەکەماندا ئاگاداری خەڵکمان کردەوە کە شاسوار و باندەکەی دەیانەوێ جوڵانەوەکە بەرەو بنەماڵەیی ببەن، بەڵام ئەو هەڕەشانەی لە ئەنجامی ئەوەدا لێمان کرا شۆکی کردین". 

ئەو لەدرێژەی قسەکانیدا وتیشی "ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵات و لە شارەکانی دیکەوە هاتوونەتە سلێمانی بۆ بەشداری لە چالاکییەکانی نەوەی نوێ، ئەو کەسانە لە شوققەکانی گوندی ئەڵمانی و کابینەکانی چاڤیلاند ماونەتەوە، کامێرای شاراوە لەو شوققە و کابینانە بۆ ئەو کەسانە دانراوە و ئێستا هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی تایبەتی ئەو کەسانە دەکرێت".

ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای دەکات چەند کاتژێرێک پێش بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوەکەمان ڤیدیۆیەکی دەستکاریکراوە بە دەنگ و فۆتۆ نێردراوە بۆ من و پەرلەمانتارەکانی ترمان کە تێیدا نووسراوە (چاوەڕوانی بڵاوکردنەوەی فیلمی رووتی خۆشتبە). من دەپرسم ئایا ئەگەر باندێکی سیاسی یان باندێک بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ سەرکردە ژنەکانی خۆی بکات، ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کچە تازەپێگەیشتووانە دەکات کە روودەکەنە ئۆفیسەکانی باندەکەی شاسوار عەبدولواحید".
 
شادی نەوزاد وتیشی "ئەوەی دەگوزەرێ باندگەراییە، ئەوان جوڵانەوەی نەوەێ نوێ نین، ئێمە نەوەی نوێین. دەبینە قەڵغانی هەموو ئەو کچ و ژنانەی رووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە".
لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە دوای ئەوەی پەرلەمانتارانی بەغدای نەوەی نوێ و چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەکە بەیاننامەیەکیان لەسەر بەبنەماڵەیی کردنی جوڵانەوەکە دەکرد، دواتریش چەند ئەندام پەرلەمانێکی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی کوردستان هاوشێوەی ئەوانەی بەغدا بەیاننامەیەکیان دەرکرد، بەرامبەر ئەوانیش شاسوار عەبدولواحید و ژمارەیەک لە ئەنجومەنی باڵا وەڵامیان دانەوە، لەو ساتەوە هەموو رۆژێک ئەو ناکۆکیانە گەرمتر دەبن و بڕیارە سبەینێ سەرۆکی جوڵانەوەکەش لە دەرەوەی وڵات بگەڕێتەوە، پاشئەوەی شەوی رابردوو نووسینێکی لە شێوەی هەڕەشەدا بڵاوکردەوە. 



PM:02:34:24/04/2019