مژدە مەحمود: بەستنى کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەی شادى نەوزاد بەپێداگریی سەرۆکایەتى پەرلەمان کراوە

پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ ئاشكرایدەکات، ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەی کە ئەمڕۆ لەلایەن دوو پەرلەمانتارەکەى نەوەى نوێ بەستراوە بەپێداگریی سەرۆکایەتى پەرلەمان کراوە و لەو کاتەشدا دەرگا لەسەر پەرلەمانتاران داخراوە.

مژدە مەحمود پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بە میدیای فەرمی حزبەکەی راگەیاندوە، لەکاتى کۆنگرەى رۆژنامەنوسیەکەى شادى نەوزاددا، ویستویانە بچنە شوێنى کۆنگرەکە بۆ قسەکردن لەگەڵ ئەو دوو پەرلەمانتارە، بەڵام لەلایەن پۆلیسى پەرلەمانەوە رێگریان لێکراوەو  پێیان وتوون بەفەرمانى سەرۆکایەتى پەرلەمان دەبێت کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە لەکاتى خۆیدا بکرێت.

وتیشى، بۆ یەکەمجارە ئەو هێزە زۆرەیان لە پەرلەمانى کوردستان بینیوە کە بڵاوەى پێکرابێت و بەشێوەیەکى نەشیاو رووبەڕوویان بوونەتەوەو پاڵیان بە پەرلەمانتاری نەوەی نوێ سیپان ئامێدیەوەناوە و بە شێوەیەکی نەشیاو مامەڵەیان لەگەڵ کردووە.

رۆژی چوارشەممە ٢٤ی نیسانی ٢٠١٩ شادى نەوزاد پەرلەمانتارى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ،"شاسوار و باندەكەی هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی رووتمان لێدەكەن".

ئەوەشی وت، "ئەو كەسانەی لە دەرەوەی وڵات و لە شارەكانی دیكەوە هاتوونەتە سلێمانی بۆ بەشداری لە چالاكییەكانی نەوەی نوێ، ئەو كەسانە لە شوققەكانی گوندی ئەڵمانی و كابینەكانی چاڤیلاند ماونەتەوە، كامێرای شاراوە لەو شوققە و كابینانە بۆ ئەو كەسانە دانراوە و ئێستا هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی تایبەتی ئەو كەسانە دەكرێت".

ئەو پەرلەمانتارە ژنەی نەوەی نوێ باسی لەوەشکرد"چەند سەعاتێك پێش بڵاوكردنەوەی راگەیێندراوەكەمان ڤیدیۆیەكی دەستكاریكراوە بە دەنگ و فۆتۆ نێردراوە بۆ من و پەرلەمانتارەكانی ترمان كە تێیدا نووسراوە چاوەڕوانی بڵاوكردنەوەی فیلمی رووتی خۆشتبە". 


AM:12:12:25/04/2019