شەوی ڕابردوو سكرتێری تایبەتی شاسوار عەبدولواحید دەستگیركرا و پۆلیس ئاگاداری دەستگیركردنەكەی نیە.
شەوی ڕابردوو سكرتێری تایبەتی شاسوار عەبدولواحید لەلایەن هێزێكی ئەمنیەوە دەستگیركرا و كۆمپیوتەر و كەلوپەلە تایبەتەكانیشی دەستی بەسەردا گیراوە.
لەسەر ئەو پرسە سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە "سپی" ڕاگەیاند "ئاگاداری ئەو پرسە نین و هیچ كەسێكیش لەلایەن ئێمەوە دەستگیر نەكراوە".
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وتیشی "پێدەچێت ئەو كەسە لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە دەستگیر كرابێت، بەڵام ئێمە زانیاریمان لەسەری نیە".
سەبارەت بە تۆماركردنی سكاڵا لەلایەن شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ وتەبێژی پۆلیس وتی "ئەو خانمە پەرلەمانتارە تا ئێستا سكاڵای لەدژی كەس تۆمار نەكردووە، ئێمەش بەگوێرەی سكاڵا و بڕیاری دادوەر كاردەكەین".
"سپی" بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندیكرد بە شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەكە نەدرایەوە.
دەستگیركردنی سكرتێری تایبەتی شاسوار عەبدولواحید دوای ئەوە دێت كە دوێنێ شادی نەوزاد، ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، "پێش ئەوەی بەیاننامە لەسەر شاسوار عەبدولواحید بڵاوبكەینەوە لە رێگەی نامەیەكەوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی سێكسی دەستكاریكراومان لێكراوە".
21ی ئەم مانگە، فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ بەیاننامەیەكی ناڕەزاییان بڵاوكردەوە و رایانگەیاند، "نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەكی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێكی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە، كە ھەمو دەزگا و ئۆرگانە گرنگەكانی بڕیاردان تێیدا پەراوێز خراوە و بڕیاری دەستە جەمعی تێدا نەماوە".