حكومەتی هەرێم پەیامێكی لەبارەی موچەوە بڵاوكردەوە

حكومەتی هەرێم لەسەر موچەی فەرمانبەران و پارەی گەنمی جوتیاران ڕونكردنەوە دەدات، وتەبێژی حكومەتیش ڕایدەگەیەنێت، "بەغدا لە(60%)ی بەشە بودجەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت".

سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێم بەماڵپەڕی فەرمی‌ پارتی ڕاگەیاند‌وە، گفتۆگۆكان بۆ پێكهێنانی حكومەت بەردەوامن و پێشبینیدەكرێت لەماوەیەكی نزیكدا كابینەی نۆیەم پێكبهێنرێت.

لەبارەی پارەی گەنمی جوتیارانەوە، وتەبێژی حكومەت دەڵێت "لەئێستادا هەوڵەكان لەڕێگەی حكومەت و پەرلەمان بەردەوامن بۆئەوەی بەغدا شایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێم بنێرێت، هەركاتێكیش پارەی گەنمی جوتیاران لەلایەن بەغداوە نێردرا، دەست بەدابەشكردنی دەكرێت".

سەبارەت بەنرخی بەنزین لەبازاڕەكانی هەرێمیش، دزەیی ئاشكرایدەكات، "نرخی بەنزین لەبازاڕەكان بەشێوەی ئازاد مامەڵەی پێوەدەكرێت، حكومەتی هەرێمیش بۆئەوەی بەنزینێكی كوالێتی بەرز بەنرخی گونجاو پێشكەش بەهاوڵاتیان بكات، گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەی بەغدا بەشە بەنزینی هەرێم كە 17%یە بنێرێت، هەركاتێكیش بەشە بەنزین لەلایەن بەغداوە بنێردرێت، نرخەكەی دادەبەزێت".

لەبارەی پرسی سێ موچەی فەرمانبەرانەوە، سەفین دزەیی دەڵێت "حكومەتی هەرێم بەردەوامدەبێت لەپێدانی موچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا، بەگوێرەی داهاتی حكومەت و ئەو بەشە بودجەیەی لەلایەن بەغداوە بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران دێت".

ڕاشیگەیاندووە "بەغدا لە(60%) بەشە بودجە كە بۆ موچەی فەرمانبەرانە دەنێرێت و بڕەكەشی‌ 460 ملیار دینارە، بەشێكی نەناردوە لەناویاندا موچەو خەرجیی سیادیی پێشمەرگە كە حكومەتی هەرێم خۆی (40%)كەی تری دابیندەكات و 400 ملیار دینارە، هەركاتێكیش پارەی دیاریكراوی سێ موچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە بنێردرێت، دەست بەدابەشكردنی دەكرێت".



PM:01:52:28/04/2019