وەزارەتی پەروەردە چەند ڕێوشوێنێك لەبارەی تاقیكردنەوەكانەوە دەگرێتەبەر

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند، بۆ ڕێگریكردن لە گزی، لە تاقیكردنەوە نیشتمانییەكانی ئەمساڵدا، پەنجەمۆری خوێندكار وەردەگرن و چەندین ڕێوشوێنی دیكە دەگرنەبەر.

سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاندوە پەنجەمۆری خوێندكار لەگەڵ فۆڕمی سۆمادا دەخرێتە سیستمی تاقیكردنەوەكانەوە، بۆئەوەی هیچ خوێندكارێك نەتوانێت لەبری كەسێكی دیكەدا وەڵام بداتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەتی پەروەردە بڕیاریداوە هەر خوێندكارێك لەتاقیكردنەوەكاندا گزی بكات، بێبەش بكرێت لەتاقیكردنەوەكانی ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو.

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە باسی لەوەشكرد، ئەمساڵ ٢٦ گروپ پرسیار بۆ تاقیكردنەوەكان دابەشدەكرێت بەسەر خوێندكاراندا، بۆ ڕێگریكردن لە گزی و ستونی وەڵامەكانیش كراوەبە ١٠ ستون، بۆئەوەی‌‌ ماوەی نێوان وەڵامێك بۆ وەڵامی دواتر گونجاوبێت.



PM:02:37:28/04/2019