پرۆ گۆران بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتییان دژ بە بڕیاری دەرکردنی عەبدولرەزاق شەریف بڵاوکردەوە

ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕانپرۆگۆڕان" پاش بڕیاری دەرکردنی عەبدولرەزاق شەریف لە بزوتنەوەکە دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان راگەیاندو بەیاننامەیەکیدان لەژێر ناوی "بریارە هەرەمەکیە نایاساییەکانی دەسەڵاتدارانی بزوتنەوەی گۆڕان" بڵاوکردەوە

لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی" نێردراوە تیایدا ژمارەیەک لە ئەندامانی بزوتنەوەی گۆران کە بە پرۆ گۆران ناسراون ئاماژەیان بەوە کردووە" خانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕان بەبڕیارێکی نایاسایی و هەرەمەکی و بەدەر لەکاری رێکخراوەیی، دەرکردن و دورخستنەوەی رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی عبدالرزاق شریف لە ریزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان داوە ".

دەقی بەیاننامەکە:
بریارە هەرەمەکیە نایاساییەکانی دەسەڵاتدارانی بزوتنەوەی گۆڕان
خانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕان بەبڕیارێکی نایاسایی و هەرەمەکی و بەدەر لەکاری رێکخراوەیی، دەرکردن و دورخستنەوەی رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی عبدالرزاق شریف لە ریزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان داوە و، لە سایتی فەرمی گۆڕان رۆژی ٢٩ی ئەپریڵی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە.
جەماوەر و هەڵسوراو و گۆرانخوازە بەئەمەک و خۆراگرەکانی گۆڕان،
پرۆگۆڕان بە ئەرکی خۆی دەزانێت بێدەنگ نەبێت دەرباری ئەمجۆرە بریارە مزاجی و سەرپێی و دژ بە رێسا و یاساکانی گۆڕانەوە لە لایەن تاقمێکی خۆپەرستی خۆسەپێنەر بەسەر موقەدەراتی گۆڕانەوە، ئێمە بەرگری لە هیچ کەسێکی تایبەت ناکەین، بەڵکو جەماوەری گۆڕان لە زەمینەی ئەو جۆرە بریارانە و ئەو ئەقڵیەتە وێرانکەرەی پشتیانەوە ئاگادار دەکەینەوە.
دەستوری گۆڕان دەرباری دەرچون لە هەڵسوراویتی بزوتنەوەکە دەڵێت: ئەگەر زیانی مادی یا مەعنەوی لە بزوتنەوەکە بدات و بەو هۆیەوە بریاری دورخستنەوەی لە لایەن ژوری یاسایی دەربچێت. هەروەها بەپێێ پرۆتۆکۆڵی کارکردنی گۆڕان کاتێک سکاڵایەک، داوایەک بۆ لێپرسینەوە، سزادان یاخود هەر هەنگاوێکی رێکخرواەیی هەبێت هەڵسوراوی پەیوەندار بە نامەی فەرمی ئاگادار دەکرێتەوە، ئەویش بۆی هەیە لە ژوری یاسایی گۆڕان بەرگری لە خۆی بکات و بۆچونەکانی دەرباری خاڵەکان بەیان بکات، پاشان ژوری یاسایی لێکۆلینەوە دەکات و کۆتا بۆچونی خۆی بەفەرمی دەدات بە دامەزراوە پەیوەندارەکانی گۆڕان. سەبارەت بە دەرکردنی هەر هەڵسوراوێک خانەی راپەراندن ئەو دەسەڵاتەی نیە و تەنها دەتوانێت داواکەی بخاتە بەردەم جڤاتی نیشتمانی بۆ دوا بریار.
ئەم پێوەرانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدان لە دەرکردنی ناوبراو نەگیراونەتە بەر، کاتێک گۆڕان داکۆکیکارێکی سەرسەختی سەروەری یاسا و پاراستنی مافەکانی هاوڵاتیان بوە، دەبینین لە سایەی ئەم ئەقڵیەتیە ستالین ئاسایە باڵادەستەی ناو گۆڕان چۆن پرەنسیپ و بەها بەنرخەکانی گۆڕان لە هەمو بوارێکدا وێران دەکرێن. ئەم تاقمە خۆپەرستە بە راست وچەپدا خەریکی " پاکژکردنەوەی" ریزەکانی گۆڕانن لەو هەڵسوراوە نارەزا و دڵسۆزانەی کە شایەتمان بە تاکرەوی و دکتاتۆریەتی ئەواندا نانێن و رەخنە و بۆچونییان دەربارەی گەندەڵی و دەیان کاری ناشرین و ناڕەوای چەند هەڵسوراوێک هەیە. 
هەڵسوراو و گۆرانخوازە دڵسۆز و خۆراگرەکانی گۆڕان دەبوا ئەم تاقمە دەسەڵاتدارە هەر زۆر زو دەستیان لە کار بکێێشایەتەوە چونکە گەورەترین زیانی مەعنەوی و سیاسی و کۆمەڵایەتیان بە گۆڕان گەیاندوە و متمانەی زۆرینەی زۆری جەماوەری گۆرانیان لە دەست داوەو رۆژ دوای رۆژ گۆڕانیان دوچاری شکستی گەورە کردوە، دەبوا ئەو نا بەرپرس و کەسە فاشلانەی ناو گۆڕان سزابدرانایە کەدەیان کێسی گەندەڵی و فەسادی ئیداری و ئەخلاقیان لەسەرە ،نەک چاوپۆشیان لێبکرێ و پاداشتیان بدەنەوەو بەرپرسیاریەتیان پێبدەنەوە، دەبوا بە چاوێکی یەکسانی و رۆحی رەسەنی گۆرانبون مامەڵە و رەفتاریان بکردایە نەک لە نیەتی رق و کینە و تۆلەسەندنەوە.
پرۆگۆڕان، ئاراستەیەکی بنەرەتی ناو بزوتنەوەی گۆڕان، داوا لە جڤاتی نیشتمانی و ژوری یاسایی دەکەین رێکارە رێکخراوەیی و یاساییەکان بگرنە بەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بریارەی خانەی راپەراندن و لەهەمان کاتدا جەخت دەکەینەوە کەسەروەر بوونی یاساو دەستوری گۆڕان بگیرێتە بەر بۆ سزادانی هەر هەڵسوراوێک کە سەلمێندرا تاوانبارە لە زیان گەیاندن بە بزوتنەوەی گۆڕان، هاوکاتیش داواکارین لە لوتکەی دەسەڵاتی گۆرانەوە دەست پێبکەن، ئێمە لە پرۆگۆڕان ئامادەین لەو روەوە هەمو هاوکاری و کارئاسانی  پرۆسەیەکی لەو جۆرە بکەین.
پشتگوێخستنی ئەم داواکاریە پیشانی دەدات جڤاتی نیشتمانی و ژوری یاسایی بە گشتی لە پاشکۆیەکی بێ ئیرادەی ئەو تاقمە خۆسەپێنەرە زیاتر هیچیترنین.
بەرەو چاکسازی ریشەیی لە ناو ماڵی گۆڕاندا.


PM:08:08:29/04/2019