وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم وادەی دامەزراندن و بون بەهەمیشەیی مامۆستایانی گرێبەست ئاشكرادەكات و پەیامێكیش ئاراستەی مامۆستایانی وانەبێژ دەكات.
ئەمڕۆ 30ی نیسانی 2019 پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم گەیشتە سلێمانی و لەدیوانی پارێزگا خەڵاتی پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەك كۆمپانیا و بازرگانی كرد كە هاوكاری كەرتی پەروەردەیان كردوە.
لەدەستپێكی مەراسیمەكەدا د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند "گەورەترین هەڵمەتی دروستكردنی بینامان دەستپێكردوە بۆ خوێندنگەكان، بەهاوكاری حكومەتی هەرێم و كەرتی تایبەت توانیومانە پێداویستی لۆجستی بۆ نزیكەی 250 قوتابخانە و خوێندنگەش دابین بكەین".
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە "ژمارەیەكی زۆر لەسەرمایەدارانی كورد لە(ئەوروپا، هەولێرو دهۆك)و شارەكانی دیكەش بەڵێنیان پێداوین كە دەستپێشخەریان هەبێت، ئێمەش داوامانكردوە بنكەی تەندروستی دروستبكەن و ئێمەش ناوی خۆیانی دەخەینەسەر بۆئەوەی ئەو ڕۆحی ناوچەگەرێتیەی خەریكە لەكوردستاندا دروستدەبێت، نەیهێڵین، سوپاسی سەرمایەدارانی زاخۆش دەكەم كە چەندین قوتابخانەیان لەسلێمانی دروستكردوە".
هاوكات د.پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم ئاشكرایكرد، "ساڵی 1991 كەمتر لەهەزار قوتابخانەمان هەبوە، بەڵام ئێستا زیاتر لەپێنج هەزارو 500 باڵەخانەی قوتابخانەمان هەیە".
وەزیری پەروەردە وتیشی "ساڵی 1991 نزیكەی 20 هەزار مامۆستامان هەبوو، بەڵام ئێستا زیاتر لە180 هەزار مامۆستاو فەرمانبەرمان هەیە، تەنها ئەمساڵ 168 هەزار منداڵ هاتونەتە پۆلی یەكی بنەڕەتی، تەنها بۆ ئەوانەش پێویستمان بەزیاتر لەپێنج هەزار پۆل هەیە، واتە زیاتر لە 410 باڵەخانەی قوتابخانە".
باسی لەكاریگەریەكانی قەیرانی دارایی كردو وتی "بەهۆی قەیرانی داراییەوە سێ ساڵە باڵەخانە وەكو پێویست دروستنەكراوە، كەواتە ئێستا ئێمە بۆ ئەوەی ژێرخانێكی باشی پەروەردەییمان هەبێت، پێویستمان بەزیاتر لەملیارو نیوێك دۆلار هەیە بۆ ئەوەی بتوانین قوتابخانەكانمان وا لێ بكەین كە ژینگەیەك بێت منداڵەكانمان باشتر بتوانن پەروەردە بكرێت و بخوێنن، چونكە ملیۆنێك و 750 هەزار خوێندكارو قوتابیمان هەیە لەهەرێم".
سەبارەت بە داواكاری مامۆستایانی گرێبەست و وانەبێژ بۆ دامەزراندنیان وەزیری پەروەردە تەئكیدیكردەوە، "گرێبەستەكان پەیوەندی بەبودجەی حكومەتەوە هەیە، لەچوارساڵی ڕابردوو بەهۆی قەیرانەكانەوە بودجە نەبوە، هەركاتێك بودجە دانرا پێموایە لەكابینەی نوێدا كێشەی گرێبەست بەگوێرەی یاسا چارەسەردەكرێت و چەند ساڵ خزمەتیان هەبێت دەكرێن بەهەمیشەیی".
بۆ مامۆستایانی وانەبێژیش ئاشكرایكرد، "ئێمە خۆمان ڕێكمانخستون، بەگوێرەی پێداویستیەكانی خۆمان و بەدڵنیاییشەوە وەزارەتمان پێویستی بەڕێكخستنەوەی میلاكات دەبێت، ئەگەر ڕێكمانخست، دوای ئەوە ڕێنمایی نوێ بۆ وانەبێژان دەردەچێت، بەڵام لەساڵی داهاتوەوە، بۆ ئەمساڵ نا".