كەسوكاری مێردمنداڵە كورژاوەكەی سلێمانی پەیامێك بڵاودەكەنەوە

كەسوكاری مێردمنداڵە كوژراوەكەی گەڕەكی كەنەكەوە داوا دەكەن سزای لەسێدارەدان بەسەر بكوژانی كوڕەكەیان بسەپێندرێت و سوڵحی عەشایەری رەتدەكەنەوە.

ساڵح خدر، باوكی راوێژ ئەو مێردمنداڵەكەی كە لەچەند رۆژی رابردوو لە گەڕەكی كەنەكەوەی شاری سلێمانی كوژرا، لە لێدوانێكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند: كوڕەكەم هیچ كێشەیەكی كۆمەڵایەتی نەبووەو لەپێناو بڕێك پارەو مۆبایلێك كوژراوە، كە تەنها 30 هەزار دیناری پێبووە.

وتیشی: سوپاسی هێزە ئەمنییەكان دەكەین كە توانیان بكوژانی كوڕەكەم دەستگیر بكەن.

باوكی مێردمنداڵە كوژراوەكە داوای لە حكومەتی هەرێم كرد كرد سزای لەسێدارەدان بەسەر بكوژەكاندا بسەپێنێت و راشیگەیاند: تەنها لەسێداردانی ئەو تاوانبارە چارەسەرەو نامانەوێ لە زیندان بیانهێڵنەوە.

هاوكات، ئەبوبەكر هەڵەدنی، خاڵی مێردمنداڵە كوژراوەكە، رایگەیاند: وەك بنەماڵەی راوێژ، داوا دەكەین یاسا رێچكەی خۆی بگرێتەبەرو تاوانبارانیش سزای خۆیان وەربگرن، بەهیچ شێوەیەكیش سوڵحی عەشایەری بۆ لێخۆش بوون لەو تاوانە قبوڵ ناكەین، داواش لە ریش سپی و پیاوماقوڵان و بەرپرسان دەكەین داوایەكی لەو شێوەیەمان لێنەكەن.

ئەمڕۆ سێشەممە 30ی نیسانی 2019 لیوا حەسەن نوری، بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا وردەكاریی ئاشكراكردنی دەستگیركردنی بكوژانی مێرمنداڵەكەی گەڕەكی كەنەكەوەی شاری سلێمانی ئاشكراكرد و ڕایگەیاند "دوای ھەوڵ و ماندوبون، ھێزەكانی پۆلیس و ئاسایش توانییان بكوژانی مێرمنداڵەكەی گەڕەكی كەنەكەوەی سلێمانی دەستگیربكەن كە لەسێ كەس پێكھاتون".

بەوتەی بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی، بكوژەكان ھاوڕێی مێرمنداڵەكەن و دوای لێكۆڵینەوەش لەگەڵیاندا، دانیان بەتاوانەكەیاندا ناوە كە ئەوان ئەوكارەیان كردوە.

هاوكات "سپی" پەیوەندی كرد بە سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی و ڕایگەیاند: تا ئێستا ئێمە لە دەستگیركردنەكە ئاگادارنین و لای ئاسایشە لە كاتژمێرەكانی داهاتودا زانیاری لەبارەوە بڵاودەكەینەوە



PM:05:57:30/04/2019