حکوومەتی ھەرێم پەیامێکی بڵاوکردەوە

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە بۆنەی 1ی ئایار، ڕۆژی جیھانیی کرێکاران، پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەدات، حکوومەت ھەوڵی جددی دەدات بۆ باشترکردنی گوزەران و ڕەخساندنی زیاتری دەرفەتی کار بۆ کرێکاران.

ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی ئایاری 2019، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەیامێکی بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی کرێکاران بڵاوکردەوە، تێیدا ھاتووە"بە بۆنەی یەکی ئایار، ڕۆژی جیھانیی کرێکارانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم کرێکارانی کوردستان و جیھان دەکەین، یەکی ئایار ڕۆژێکی گرنگ و پرشنگدارە بۆ بەبیرھێنانەوە و درێژەپێدان بە خەباتی کرێکاران لەپێناو داکۆکیکردن لە ماف و خواستە ڕەواکانیان، کرێکاران توێژێکی زیندووی بەرھەمھێنی کۆمەڵگان، کرێکارانی کوردستانیش ڕۆڵی کاریگەریان لە پرۆسەکانی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان و پەرەپێدانی کوردستاندا ھەیە".

ئەوەش خراوەتە ڕوو، "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە بایەخەوە لە ڕۆڵ و گرنگیی ئەم توێژەی کۆمەڵگاکەمان دەڕوانێت و پەرۆشی دەستەبەرکردنی ماف و داخوازییەکانیانە، ھەروەھا ھەوڵی جددی دەدات بۆ باشترکردنی گوزەران و ڕەخساندنی زیاتری دەرفەتی کار و خزمەتگوزاری و مافەکانیان، ھانی کەرتی تایبەتیش دەدات کە بە پشتیوانی و ھاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت، ڕەچاوی زیاتری ماف و داخوازییەکانی کرێکار بکەن و خۆیان بە بەرپرسیار بزانن بەرامبەر بە پێداویستییەکانی کرێکاران و ڕەخساندنی کەش و ژینگەی کار لە ئاستێکی چاوەڕوانکراو و سەردەمیانەدا".

لە پەیامەکەدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وێڕای دەستخۆشیکردن لە سەندیکای کرێکارانی کوردستان بۆ داکۆکیکردن "ھانیان دەدەین بۆ کار و خزمەتی زیاتر لەپێناو بەدیھێنانی خواستەکانی کرێکاراندا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش وەک ھەمیشە بۆ ئەم مەبەستە پشتیوانیی ھەوڵەکانیان دەبێت".


PM:05:12:01/05/2019