حکومەتی سوریا هۆشداری دەداتە تورکیا

حکومەتی سوریا هۆشداری دایە تورکیا لە بەردەوامیدان بە داگیرکاری لە ناوخۆی ئەو وڵاتە و داواشی لە ڕێکخراوە کوردییەکان کرد دڵسۆزی نیشتمان بن.

فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا لە دیدارێکدا لەگەڵ کەناڵی "مەیادین"ی لوبنانی ڕایگەیاند، سوریا ڕێگە نادات بە تورکیا کۆنترۆڵی تەنانەت یەک سانتیمەتری سوریا بکات، ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت تورکیا بزانێت ئەوان ڕێگە نادەن بە مانەوەی گروپە چەکدارەکان لە ئیدلب.

میقداد ڕایگەیاند، بڕیاری سوریایە کە دەبێت هەموو خاکی وڵاتەکەی کۆنترۆڵ بکاتەوە، بۆیە دەبێت تورکیا ئاگاداری ئەو خاڵە بێت.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا وەزیری دەرەوەی سوریا حەختیکردەوە، پێوستە لەسەر تورکیا ئەوەش بزانێت، بە پشتیوانیکردن لە "تیرۆر" و داگیرکردنی خاکی سوریا ئارامی و ئۆقرەیی بۆخۆی دابین ناکات.

دەربارەی دەسەڵاتی کوردیش لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەشێکی باکوری سوریا، فەیسەڵ میقداد وتی "ئەوان بوونەتە داردەستێکی خراپ بە دەستی ئەمریکاوە، بۆیە دەبێت ڕێکخراوە کوردییەکان پابەندی نیشتمانی بن نەک دوژمنەکانی نیشتمان".

ئەو هۆشدارییەی وەزیری دەرەوەی سوریا لە کاتێکدایە، لە ئێستادا پارێزگای ئیدلب ودەوروبەری ئەو وڵاتە کە دەکەوێت بەشی خۆرئاوای سوریاوە، بووتە پێگەیەکی سەرەکی گروپە چەکدارەکان، بەشێوەیەک نزیکەی ٧٠%ی پارێزگای ئیدلب لە لایەن گروپی "تەحریری شام"ەوە کۆنترۆڵکراوە و دیمەشق ئەنکەرە تۆمەتبار دەکات بەوەی پشتیوانی لەو گروپە چەکدارانە دەکات، بۆ ئەوەی سوریا ئارامی بە خۆیەوە نەبینێت.



PM:01:24:03/05/2019