قائیمقامی شنگال: هاوكاری سوپای عێراق دەکەین بۆ دەرکردنی پەکەکە لە قەزاکەمان

مەحما خەلیل قائیمقامی شنگال رایگەیاند پارتی كرێكارانی كوردستان "پەکەکە" لە شنگال پێشێلكاری دەكەن و ئامادەییشی دەربڕی بۆ هاوكاریكردنی سوپای عێراق لە "سەپاندنی یاسا" بەسەر قەزاكەدا.

ئەمڕۆ مەحما خەلیل قائمقامی قەزای شنگال رایگەیاند "هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پێشێلكاری و دەستدرێژی دەكات بەرامبەر خەڵكی شنگال و فەرمانبەران و ئامێرەكانی شارەوانی قەزاكە، پەكەكە جۆرە یاسایەكی سەیر دەسەپێنێت كە خوداش پێی رازی نییە، ئەمەش پێویست دەكات كە حكومەتی عێراق قۆڵی لێهەڵماڵێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ خەڵكی ناوچەكەدا، بە هەر رێگەیەك بۆی بكرێت ئەندامانی ئەو حزبە دەربكات لە شنگال".

قائیمقامی شنگال راشیگەیاند كە "خەڵك و دەسەڵاتی فەرمیی قەزای شنگال ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە باشترین هاریكاری دەسەڵاتی فیدراڵی و هێزە فەرمییەكانی عێراق بۆ جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنی سەپاندنی یاسا لە قەزاكەدا".

مەحما خەلیل جەختیش دەكاتەوە كەلە رێی هاوكاریی ئەوانەوە، حكومەتی عێراق دەتوانێت ئامانجی سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچەكە بپێكێت.

هەرچەندە پەکەکە زیاتر لە دوو ساڵە كشانەوەی خۆی بە فەرمی لە شنگال راگەیاندووە، بەڵام بەردەوام پارتی و تورکیا و مەحما خەلیل قائیمفامی شنگال جەختدەكەنەوە لەوەی هێزەكانی پەكەكە لە ناوچەكەدا ماون.


ئه‌م بابه‌ته ‌798 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:51:03/05/2019