عادل عەبدولمەهدی: بەشێکی زۆری کێشەکان لەگەڵ هەرێم چارەسەر بوون

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند،  پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت و بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەر کراون.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئیمانوئێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە پاریس، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لە باشترین حاڵەتدایە، بەڵام ئەوەش بە مانای ئەوە نییە کە ناکۆکی و جیاوازی نییە لە بیرو بۆچوونەکاندا، ئەو ناکۆکیانەش خراونەتە چوارچێوەی چارەسەرکردنەکانەوە.

عادل عەبدولمەهدی جەختیکردەوە، لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە دەتوانن بگەنە چارەسەری گونجاو لەسەر کێشەکانی شنگال و نەینەوا و دۆسیەی نەوت.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بابەتی دەروازە سنورییەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و بۆ یەکەمجارە لە دوای ساڵی ١٩٩٠وە لە سەرانسەری عێراقدا کار بە یەک تاریفەی گومرک دەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی ٣ی ئایاری ٢٠١٩ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا و لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە و کۆمپانیاکانی فەرەنسادا کۆبووەوە.



PM:03:32:03/05/2019