" تا ئێستا ناکۆکی لەنێوان پارتی و یەکێتی لەسەر دوو خاڵ درێژەی هەیە "

هەرچەندە ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی لە سلێمانی کۆدەبنەوە، بەلآم تا ئیستا ناکۆکی نێوان ئەو دوولایەنە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ لەسەر دوو خاڵ درێژەی هەیە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بە " سپی " راگەیاند دوای ئەوەی دوێنی پارتی دوا داڕشتنی خۆی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان بۆ هەریەک لە یەکێتی و گۆڕان بە جیا ناردووەو ئەمڕۆش ٥ ی ئایار وەفدێکی پارتی بۆ رێککەوتنی کۆتایی لەسلێمانییەو لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی کۆدەبێتەوە، بەلآم تا ئێستا ناکۆکی لەنێوان پارتی و یەکێتی لەسەر ناوهێنانی دوو خاڵ پۆستەکە درێژەی هەیە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست  " سپی "، کەوتووە، پارتی داوایکردووە ناوی پۆستی وەزیری هەرێم بۆ پەیوەندی نێوان هەرێم وبەغدا نەبرێت و تەنها وەک وەزیری هەرێم ناوی ببرێت، بەلآم یەکێتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت ناوی وەزیرەکە بهێنرێت، وەک وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەیوەندیەکان لە گەڵ بەغدا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی سپی، خاڵی دووەمی ناکۆکی نێوان ئەو دوولایەنە پرسی جێگری سەرۆکی هەرێمە، یەکێتی داوا دەکات ناوی جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری پێشمەرگە بهێنرێت، بەلآم پارتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تەنها ناوی جێگری سەرۆکی هەرێم بێت و، دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم کارو ناونیشانی دیاریبکرێت، بەلآم یەکێتی ئەمە رەتدەکاتەوە. 

تا ئێستا ئەو دووخاڵە بەهەڵپسێردراوی ماوەتەو ئەگەر ئەمڕۆ رێکبکەون، یەکێتی و پارتی واژووی رێککەوتنەکە لە سلێمانی دەکەن.

وەفدێکی پارتی بەسەرۆکی نێچیرڤان بارزانی ئێستا لە سلێمانیەو بەیانی و بۆ نانخواردنی نیوەڕۆش لەلای گۆڕان میوانبوون، لە کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەدا بۆ نەهێشتنی ناکۆکییەکان لەماڵی کۆسرە رەسوڵ لە کۆبوونەوەدان.

 

PM:03:57:05/05/2019