ئۆجەلان پەیامێکی بڵاوکردەوە..."دەتوانین کێشەکانی تورکیا و ناوچەکە چارەسەر بکەین"

عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" لە رێی پارێزەرەکانییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوا دەکات خۆیان لە شەڕ و دژایەتیکردن بە دووربگرن.

ئۆجەلان لە پەیامەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە،  پێویستە لەم کاتەدا هەموو لایەک هەوڵی گفتوگۆ بدەن و خۆیان لە شەڕ و دژایەتیکردن بە دووربگرن و دەڵێت "ئێمە دەتوانین کێشەکانی تورکیا و ناوچەکە بە ڕێی گفتوگۆ و ئاشتیانە چارەسەر بکەین"

هاوکات، ڕوونیکردووەتەوە، "پێویستە کێشەکانی سوریا بەشێوەیەکی دیموکراتییانە کە لەگەڵ یەکپارچەی خاکی سوریا بگونجێت چارەسەربکرێت و تایبەتمەندییەکانی تورکیاش لەبەرچاوبگیرێت".

عەبدوڵا ئۆجەلان ڕاشیگەیاندووە، "پێویستە جارێکی دیکە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستپێبکاتەوە".


دەقی پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان:

سەرەتا پێویستە بزاندرێت کە ئەم دەقە نە دەقێکی دانوستاندنە و نە دەقێکی سازانە. بە رایگشتی رادەگەیێنم کە ئەم دۆخەی ئێستا پێیدا تێپەڕدەبین پێویستی بە سازانە. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە جەختلەسەرکردنەوە دەبێ دووربین لە هەر جۆرە جەمسەرگیرییەک و پێویستمان بە دانوستاندنێکی دیموکراسیانەیە. 

دەتوانین کێشەکانی تورکیا و ناوچەکە بە ئارامی چارەسەر بکەین، واتا بە عەقڵ و سیاسەت و هێزی کولتووری نەوەک بە شەڕ و بەکارهێنانی تووندووتیژیی فیزیکی. لەو باوەڕەداین لە چوارچێوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات کێشەکانی سووریا بە شێوەیەک کە دووربێت لە فەرهەنگی پێکدادان، هەروەها لە چوارچێوەی یەکێتیی سووریا و بە گرێنتیکرانی دەستووری سووریا، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخ و پێگەی هەنووکەیی و بە شێوەیەکی دیموکراسی گەیشتن بە چارەسەر بکرێتە ئامانج. لەم نێوەندەدا پێویستە هەستیاریی تورکیا لەبەرچاو بگیردرێت. 

لەگەڵ رێزگرتن لە خەباتی هەڤاڵان لە گرتووخانەکاندا، دەمانەوێ بە گرنگییەوە جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە نابێت زیان بە تەندروستییان بگەیەنن و خۆیان بگەیەننە خاڵێکی مەترسیداری وەها، کۆتاییەکەی مەرگ بێت. بۆ ئێمە سەلامەتیی هزری و جەستەیی و رۆحیی ئەوان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. هەروەها لەو باوەڕەداین کە واتادارترین هەڵوێست پەیوەندیدارە بە پێشکەوتنی هزری و رۆحی. 

هەڵوێستی ئیمراڵیی ئێمە پێداگریکردن و بەردەوامبوونە لەسەر ئەو شێوازە دەربڕینەی لە راگەیێندراوی نەورۆزی 2013دا هەیە و بگرە بە شێوەیەکی فراوانتریش لەوە. بۆ ئێمە ئاشتییەکی شەرەفمەندانە و چارەسەری دیموکراسیانەی سیاسی بنەمان. رێز و سوپاسێکی زۆر بە قەرز دەزانین بۆ ئەوانەی بە تەنگ هەڵوێستی ئیمراڵییەوەن و هەڵسوێستیان هەیە.

عەبدوڵا ئەجەلان
هامیلی یڵدرم
عومەر هایریکۆنار
وەیسی ئاکتاش



PM:04:30:06/05/2019