پۆلیسی راپەڕین دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری راگەیاند

پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە پشدەر دوو کەس بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکران.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ دووشەممە  ٦ی ئایاری ٢٠١٩بڵاویکردووەتەوە، تیایدا پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوە کردووە، نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر دوو کەسەیان دەستگیرکردووە، کە ویستوویانە بە شێوەیەکی نایاسایی بچنە ئێران بۆ لای کەسێکی تر، کە بە وتەی خۆیان لەگەڵ ئەو کەسەدا بە هاوبەشی کاری دزی و تاوانی جۆراوجۆریان لە شاری هەولێر ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای پەیوەندیکردن بە پۆلیسی هەولێرەوە، دەرکەوتووە ئەو دوو کەسە فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە بە مادەی ٤٤٣ لە یاسای سزادانی عێراقی، چونکە تۆمەتبارن بە دزینی بڕی ١١٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی  و ٤٠ مسقاڵ زێر و چەکێکی جۆری ویزە لە شاری هەولێر.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی ڕاپەڕین هاتووە، ئەو دوو تۆمەتبارە دەستگیرکراوە هەردووکیان دانیشتووی شاری هەولێرن و، دادگای پشدەر بڕیاریدا بە ڕاگرتنی هەردوو تۆمەتبارەکە بە مادەی ٢١ی چەک و دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕێکخراوە و دوای تەواوکردنی  ڕێکارە یاساییەکان هەردوو تۆمەتبارەکە ڕادەستی پۆلیسی هەولێر دەکرێنەوە بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان.




PM:11:48:06/05/2019