پزیشکێک لەسەر دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر مندالآن حوکمدرا

لە ولآتی سوید دادگا سزای زیندانی بەسەر پزیشكێكدا سەپاند كە دەستدرێژی سێكسی كردبووە سەر ٥٠ منداڵ.

بەشی كوردی رادیۆی سوید بڵاویكردەوە كە ئەمڕۆ دادگای ستۆكهۆڵمی پایتەخت سزای 10 ساڵ زیندانیی بەسەر پزیشكێكدا سەپاند كە لە كاتی پشكنیندا دەستدرێژی سێكسی كردبووە سەر 50 منداڵ.

ئەو رادیۆیە روونیشیكردەوە كە پزیشكەكە لە چەندین کلینیک و بنکەی جیاجا لە سوید کاری کردووە و ئەو منداڵانەی كە ببوونە قوربانی دەستیشی تەمەنیان لە نێوان 2-12 ساڵدا بووە.

پزیشکەکە بانگەشەی  كردووە كە ئەو کارانەی ئەو ئەنجامی داوون بەشێک بوون لە پشکنینەکان، بەڵام  ئەو پزیشکە شارەزایانەی کە لە دادگاییەکەدا بەشداربوون رایانگەیاندووە کە پشكنینەكانی بێ بناغە و بێ هۆ بوون.

جگە لە سزای زیندانی، دادگا بڕیاری دا دەبێت پزیشكەكە بڕی سێ ملیۆن و نیو کڕۆن وەک قەرەبوو بداتە قوربانییەکان و دوای تەواوكردنی ماوەی زیندانییەكەشی لە سوید دەردەكرێت.


PM:08:43:07/05/2019