عەبدوڵای مەلا نوری لەسەر دانیشتنەكەی پەرلەمان: ئەوەی دەكرێت ناپاكیە

عەبدوڵای مەلا نوری، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان ڕەخنە لە پەرلەمانتارانی بزووتنەوەكەی دەگرێت لە پەرلەمانی كوردستان و دەڵێت " ئەوەی بە ناوی نەوشیروان مستەفاوە دەكرێت درۆیەكی گەورەیە و پەبوەندی بەو زاتەوە نییە".

پاش پەسەندكردنی پرۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان عەبدوڵای مەلا نوری لە نوسینێكدا بە ناونیشانی " بۆ ویژدان زیندوەكان..."  دەڵێت: ئەی ئەوانەی خۆتان بە دڵسۆزی رێبازی نەوشیروان مستەفا دەزانن، ئەی ئەوانەی خەمی بنیاتنانی سیستمێكی حكومڕانی دیموكراستان هەیە..، سەرنج بدەن، ئێستا بە دیار دانیشتنەكەی پەرلەمانەوە دانیشتبوم، لە سەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دو پێشنیاز خرایە دەنگدانەوە:

یەكەم: داوا دەكات دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم هاوشێوەی بەغدا پرۆتۆكۆلی و تەشریفاتی بێت.
دوەم: داوا دەكات وەك جاران سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتە فراوانەكەی بمێنێتەوە.
پێشنیازی یەكەم تەنها ۲٠ پەرلەمانتار پشتگیری كرد.
پێشنیازی دوەم ۸۸ پەرلەمانتار پشتیوانی كرد.

سەرنج بدەن گۆڕانەكان لە گەڵ پارتیەكان و یەكێتیەكان پێكەوە دەنگیان دا. دەنگیان بەوە دا سەرۆك بە هەمو دەسەلاتەكانیەوە سەرۆك بێت!!!

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی گۆڕان دەڵێت "من دەزانم رێكەوتن كراوە، بەڵام ئێوەش بزانن ئەوەی بە ناوی نەوشیروان مستەفاوە دەكرێت درۆیەكی گەورەیەو پەیوەندی بەو زاتەوە نیە، بەڵكو هاوشێوەی یەكێتی تەسلیمبونە بە پارتی، ئەوەی دەكرێت ۳٠ حوزیرانە، ئەوەی دەكرێت ناپاكیە...ئای چ كارەساتێكە پێشتر گۆران هەبو دژی هەر هەوڵێكی دەسەڵات بۆ سەپاندنی حوكمی دیتاتۆری و بنەماڵییە دەوەستایەوە، ئێستا دەنگێكی جدی لە ساحەكەدا نەماوە".

هەروەها دەڵێت "ئەوە بزانن لە داهاتوی نزیك و دوردا هەمومان باجی ئەم بێ دەنگی و تەسلیمبونە بە ئەجێندای پارتی دەدەین".



PM:01:06:08/05/2019