داوئۆغڵو لەڕەخنە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی وڵاتەكەی دەگرێت

ئەحمەد داوئۆغڵو سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا رەخنەی لە بڕیاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی وڵاتەكەی گرت سەبارەت بە بڕیاری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی لە ئیستەنبوڵ و دەڵێت "بڕیارەكەی كۆمسیۆن بە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتییەكان دادەنرێت".

داودئۆغڵو لە پەیامێكیدا كە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردەوە رایگەیاند بەهای سەرەكی سیاسەتكردنی توركیا ئەوەیە كە قسەی كۆتایی بۆ خواست و ویشتی گەل دەگەڕێتەوە كە ئەویش خۆی لە سندوقەكانی دەنگداندا دەینێتەوە، پاساوی رووداوەكانی دوای هەڵبژاردنەكان و بڕیارەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان، بوونە هۆی لەناوبردنی ئەو بەهایە.

جەختیشیكردەوە كە بڕیارەكەی كۆمسیۆن بە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتییەكان دادەنرێت.

ئەم هەڵوێستەی ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا دوای ئەوە هات كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان للەسەر داوای پارتی دادو گەشەپێدان بە سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەرۆدغان بڕیاری دا ئەنجامی هەڵبژارنی شارەوانییەكانی ئیستەنبوڵ هەڵبوەشێنێتەوە و پرۆسەكە جارێكی دیكە لەو شارە ئەنجام بدرێتەوە.

هەرچەندە پارتەكەی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 31ی ئاداری رابردوودا زۆرینەی دەنگەكانی بەدەست هێنا، بەڵام سەرۆكایەتی شارەوانی گەورەی شارە گرنگەكانی لە دەست دا، لە هەمووشیان گرنگتر شاری ئیستەبنوڵ كە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو كاندیدی ئۆپۆزسیۆن تێیدا سەركەوت.


PM:07:23:08/05/2019