مەلا کرێکار: من لە سنوری پارتیدا تۆمەتبار نیم

مەلا کرێکار ئامادەیی خۆی راگەیاند بۆگەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و ئەگەر حاکم رزگار دادگایی بکات دەشڵێت "من لە سنوری پارتیدا تۆمەتبار نیم".

مەلا کرێکار، لە نوێترین گرتەی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاندووە، "ئەگەر بێمەوە بۆ کوردستان و رێگام بدەن ئامادەم بێمە دادگا و رازیم حاکم رزگار سەرپەرشتی دادگاییەکە بکات، عادەتەن لەم وڵاتانە کە دراوم بە دادگا جاری واهەبوە پێنج قازی دانیشتون، یان حەوت کەس یان سێ کەس".

مەلا کرێکار دەڵێت، ئەوانەی دادگاییم دەکەن با "پێنج کەس بن، یەکێک لە گۆڕان بێت، یەکێک لە پارتی و یەکێک لە یەکێتی و یەکێک لە یەکگرتو و یەکێک لە کۆمەڵ ئامادەبن و حاکم رزگاریش سەرپەرشتی دادگاییکردنەکە بکات".

کرێکار دەشڵێت، "کێ شتی لەسەر من هەبوو لە خێڵی حەمە، باسی هەموو نوقتەکان دەکەم، هەر وەختێکیش بێت دێمەوە و بەسەربەرزیش، نەک خێڵی حەمە کێ رۆژێک لە رۆژان حەقێکی لەسەرم هەبووە من ملکەچم و ئەتوانێت لێم وەربگرێتەوە".

مەلا کرێکار دەڵێ "من لە سنوری پارتیدا تۆمەتبار نیم، بەڵكو لە سنوری یەكێتی تۆمەتم بۆ دروستكراوە کە هیچیشی راست نیە".

نەجمەدین فەرەج ئەحمەد ناسراو بە مەلا کرێکار لە ساڵی ١٩٥٦ لە سلێمانی لەدایکبووە. ماستەری لە زانستی فەرموودەوانیدا ھەیەو ژنێک و چوار منداڵی ھەیە.

مەلا کرێکار کە لە نزیکەی ۲۰ ساڵە لە وڵاتی نەرویج نیشتەجێیە، لەلایەن داواکاری گشتی ئەو وڵاتەوە به‌وه‌ تۆمه‌تبار دەکرێت که‌ یاسای تیرۆری نه‌رویژی پێشێل کردوه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنی کردوه‌و هانی خه‌ڵکی داوه‌ بۆ ده‌ستبردن بۆ تیرۆرو بۆ نواندنی توندوتیژیی.



PM:02:41:09/05/2019