دۆسیەی ژنەکەی ئاشتی هەورامی لەلایەن دادگاوە داخرا

پەرلەمانتارێك رایدەگەیەنێت "ژنەكەی ئاشتی هەورامی مانگانە ئیمزای نوسراوەكەی ئاشتی ھەورامی فرۆشتۆتەوە بە ٦٠٠ دەفتەر دۆلار، لەم ماوەیەشدا لەدادگای هەولێر ئەم دۆسێی گەندەڵیە ئاشكراو مەترسیدارە داخستووە".

سۆران عومەر پەرلەمانتاری كوردستان بڵاویكردوەتەوە "لەكۆبونەوەی لیژنەی دارایی و ئابوری لەگەڵ سەرۆكی دەستەی دەستپاكی پێی ڕاگەیاندین دۆسێی كارگەی قیری زیپۆ كە هی ژنەكەی ئاشتی هەورامی و دوو هاوبەشی بوون و كارگەیەگی وەهمی بوو بۆ وەرگرتنی نەوتی ڕەش و فرۆشتنەوەی نەوتە ڕەشەكە لەبازاڕ بەنرخی دوو هێندەی وەرگیراو لەلایەن دادگاوە داخرا! بۆچی؟ لەبەرچی؟ لەكاتێكدا هەموو بەڵگەكانی ئەم دزیە دراوەتە دادگا!"

ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵ دەشڵیت "ئەمە فەزیحەیەكی دیكەی ئەو دادگایە كە دۆسێی بەڵگەداری دزینی سامانی گشتی دادەخات، یەكێك لە كەیسەكانی گەندەڵی كە بردنی نەوتی ڕەشە بەناوی كارگەی قیرەوە بۆ‌ كۆمپانیایەكی وەهمی كە هی ژنەكەی و دوو كەسی دیكە بووە، قەبارەی گەندەڵیەكە فرۆشتنەوەی بڕیاری پێدانی نەوتی ڕەش بووە مانگانە تاكو 40 هەزار تەن بەئیمزای ئاشتی هەورامی، ئەمان هاتوون ئەم نوسراوەی ئاشتی هەورامیان لەبازاڕدا فرۆشتۆتەوە كە ڕەزامەندنی نەوتە ڕەشەكە بووە مانگی 5 بۆ 6 ملیۆن دۆلاریان بەبێ هیچ دەستكەوتووە"

سۆران دەشڵێت"پاش ئەوەی ئەم گەندەڵیەمان ئاشكرا كرد لە داواكاری گشتی سكاڵامان لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركرد، دواتر لەڕێگەی پەرلەمانەوە داوای پرساندن و متمانە سەندنەوەی ئاشتی هەورامیمان كربەڵام ئەوكاتە سەرۆكی حكومەت نەیهێشت ئاشتی هەورامی بێتە پەرلەما ولەم ماوەشدا لەدادگای هەولێر ئەم دۆسێی گەندەڵیە ئاشكراو مەترسیدارە داخر"



ئه‌م بابه‌ته ‌1392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:44:11/05/2019