حکومەتی هەرێم بڕە پارەیەکی بۆ کێشەکانی کارەبای دهۆک و سۆران تەرخان کرد

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نوسراوی فەرمی بڕیاریدا بڕی ١٥ ملیۆن دۆلار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کارەبای پارێزگای دهۆک و قەزای سۆران تەرخانبکات.

بە گوێرەی نوسراوێک کە ئەمڕۆ بە ئیمزای نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە و ئاراستەی وەزارەتی کارەبای هەرێم کراوە ئاماژە بەوە دەکات، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا ڕەزامەندین لەسەر تەرخانکردنی بڕی بودجەی ١٥ ملیۆن دۆلار، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای پارێزگای دهۆک و قەزای سۆران لە پارێزگای هەولێر.

بە گوێرەی نوسراوەکە هێڵێکی کارەبای فشار بەرزی ١٣٢ کەی ڤی بۆ پارێزگای دهۆک بە درێژایی ٣٨ کیلۆمەتر ڕادەکێشرێت، هەروەها گۆڕینی تەلی گەیەنەری هێڵی ١٣٢ کەی ڤی نێوان وێستگەی شەقڵاوە و سۆران، بە درێژایی ٥٥ کیلۆمەتر.

وەک لە نوسراوەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا ئاماژەی پێکراوە، لەبەر ئەوەی ئەو هێڵەی خۆیان توانای وەرگرتنی پشکی ناوچەکەی نییە وەک پێویست و بەهۆیەشەوە ناتوانن پشکی خۆیان وەربگرن و لەبەر ئەوەش کێشەی کارەبای دهۆک کێشەیەکی ئاڵۆزە.

لە کۆتایی نوسراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوە کراوە، دەبێت لە جێبەجێکردنی پرۆژەکەدا ڕێکاری پێویست بگیرێتە بەر بە پێی ڕێنماییەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستە حکومییەکانی ژمارە دووی ساڵی ٢٠١٦.



PM:06:05:12/05/2019