چەند میدیا و ڕۆژنامەنوسێك سكاڵا لە دژی شاسوار عەبدولواحید تۆمار دەكەن

بە تۆمەتی ناوزڕاندن چەند میدیا و ڕۆژنامەنوسێك سكاڵا لە دژی شاسوار عەبدولواحید تۆمار دەكەن و دەڵێن "تاوانباران دەبێت سزا بدرێن". 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەریەكە لە دەزگاكانی زەمەن، شارپرێس، تۆڕی هەواڵی  شار و ژیان لە دادگای سلێمانی سكاڵایان لەسەر جووڵانەوەی نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەكە، تۆمار كرد.

ئەو میدیاكارانەی سكاڵایان تۆماركردووە بۆ ڕۆژنامەنوسان وتیان "سكاڵامان لە دژی ئەو پەیجە بێ ناسنامانە تۆمار كردووە، كە تیرۆری مەعنەویی دەكەن و بەپێی دنپێدانانەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو سەر بە نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحیدن".

دەشڵێن "لەماوەی ڕابردوودا لەرێگای ئەو پەیجانەوە هێرش كراوەتە سەر خۆمان، خێزان و دەزگا میدیاییەكانمان، بۆیە داوای قەرەبووی ماددی و مەعنەوی دەكەین و داوا دەكەین تاوانباران بە سزا بگەیەندرێن".

رۆژی هەینی رابردوو، ئاسایشی سلێمانی دانپێدانانی چەند كەسێكی جووڵانەوەی نەوەی نوێی بڵاوكردەوە، كە ئاماژەیان بەوەكردووە ئەو پەیجانەیان بۆ "هێرشكردنە سەر كەسایەتی و بەرپرسان" بەكارهێناوە.

هاوكات دوێنێ وتەبێژی دادگای سلێمانی، لەسەر بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی تۆمەتبارانی نەوەی نوێ هاتە دەنگ و ڕایگەیاند "لە ھیچ یاسایەكدا نییە تۆمەتباران دانپێدانانیان بە ئاشكرا بڵاوبكرێتەوە و دادگا لە بڵاوكردنەوەی وێنەكانیان ئاگادارنەكراوەتەوە".

وتەبێژی دادگا ئەوەشت خستەروو، تۆمەتبارەكان بەفەرمانی دادوەر دەستگیركراون، بەڵام دادگای سلێمانی ئاگای لە بڵاوكردنەوەی ئەو ڤیدیۆتە نییە.



PM:12:56:13/05/2019