هێرشکرایە سەر دوو كەشتی هەڵگری عەمباری نەوتی سعودیە

شەوی رابردوو لە نزیك سنورە ئاویەكانی ئیمارات هێرشکرایە سەر چەند کەشتیەکی بارهەڵگری نەوتی بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێكی گیانی بەدواوە نەبوە.

عەرەبستانی سعودیە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، دوو كەشتی هەڵگری عەمباری نەوتی سعودیە، لەناو ئەو كۆمەڵە كەشتیەدا بووە، كە شەوی رابردوو لە نزیك سنورە ئاویەكانی ئیمارات هێرشکراوەتە سەریان.

خالید فالح، وەزیری وزەی سعودیە ڕایگەیاند" ئەو هێرشە هیچ زیانێكی گیانی بەدواوە نەبوە و نەبوەتە هۆی رژانی سوتەمەنیەكە، بەڵام زیانی زۆری بە پەیكەری كەشتیەكە گەیاندوە".

عەرەبستانی سعودیە لەسەر ئەو هێرشانە هاتەدەنگ و رایگەیاند "ئەوە بەشێكە لە هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە و مەترسی خستنە سەر كاروباری گواستنەوە و گەیاندنی سوتەمەنی".

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ڕایگەیاندوە، هێرشەکە بە ئاڕاستەی ناوچەی رۆژهەڵاتی نزیك لە ئیمارەی فوجەیرە بووە،لێکۆڵینەوەش لە شوێنی ڕودەوەکە دەستی پێکردوە .


PM:03:55:13/05/2019