عەبدوڵای مەلا نوری نهێنی پەیوەندیەکانی نێوان گۆڕان‌و پارتی ئاشکرا دەکات

لە نووسینێکی درێژدا عەبدوڵای مەلا نوری پەرلەمانتاری خوولی پێشووتری گۆڕان پەردە لەسەر سەردانەکانی پارتی بۆلای کوڕانی نەوشیروان مستەفاو، ناوی ئەو پەرلەمانتارانەش ئاشکرا دەکات کە بەبێ ئاگاداری جڤاتی نیشتمانی لەگەڵ پارتی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمیان هەڵپەسارد.

لە نووسینێکی درێژدا بەناونیشنانی" کام رێباز، نەوشیروانی یان بارزانیی؟! بۆ یادی پیاوەکەی نیشتیمان، ئەوە چی بو رویدا؟!" کە بۆ ماڵپەڕی " سپی " ناردووە، عەبدوڵای مەلا نوری دەڵێت" لە دوای ١٢ی ٥ی ٢٠١٨ تا رۆژەکانی پێش ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ چەندین سەردان و دانیشتن و کۆبونەوەیەکی ژێربەژێر "بە بی ئاگاداری ئۆرگانە فەرمیەکانی گۆڕان لە گردەکەو لە هەولێریش ئەنجام درا بوون"، چەند جارێک دکتۆر فرسەت سۆفی و دڵشاد شەهاب سەردانی کوڕەکانی کاک نەوشیروانیان کردبوو".

سەبارەت بەهەڵپەساردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لە خوولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان کە بووبووە مایەی ناڕەزایەتی هەڵسوڕاوانی گۆڕان، عەبدوڵای مەلا نوری نهێنیەکانی ئەو رێککەوتنە ئاشکرا دەکات و دەڵێت" لە هەنگاوێکی کوتوپڕو چاوەڕواننەکراودا، بە بێ بڕیارو ئاگاداری جڤات و ئۆرگانەکانی گۆڕان لە ٩ی ٧ی ٢٠١٨، لە لایەن چەند پەرلەمانتارێکی گۆڕانەوە پرۆژە یاسایەک بە ناوی (یاسای هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم) پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا. بۆ هەمان مەبەست فراکسیۆنی پارتیش چەند رۆژێک پێشتر پرۆژەیەکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردبوو." 

هەروەها لەسەر ئەو پرسە دەشڵێت " ئەوەی مایەی شۆک بوو پڕۆژەی پەرلەمانتارەکانی گۆڕان خزمەتێکی گەورەی بێبەرامبەر بو بە پارتی و، بە ئاشکرا لەو قۆناغەدا لە تەنگژەیەکی گەورە رزگاری دەکردن".

لەسەر کرۆکی پرسەکە، ناوبراو نووسیوویەتی" پاش بە دواداچوون بۆ وردەکاری و دیوە شاراوەکانی چۆنێتی ئامادەکردن و پێشکەشکردنی پرۆژە یاسای هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم، دەرکەوت ئەوانەی راستەخۆ لە فراکسیۆنی گۆڕان دەستیان لە ئامادەکردن و پێشکەشکردنی هەبووە، هەریەکە لە برزۆ مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، دکتۆرە بەهار مەحمود ئەندامی لیژنەی یاسایی، عەلی حەمە ساڵح کە لینکی پەیوەندییەکان بو لە گەڵ پارتی و لە پەرلەماندا لە گەڵ دکتۆر فرسەت سۆفی پەرلەمانتاری پارتی، لە سەر ئاستی گردەکەش بە پلەی یەکەم دکتۆر یوسف محەمەد بە تەواوی بەشدارو ئاگادار بوو". 

سەبارەت بە دۆخی نێوخۆی گۆڕان و پەیوەندی ئەو بزووتنەوەیە بەپارتی یەوە، عەبدوڵای مەلا نوری دەڵێت " بە هۆی لاوازی و بێڕوئیایی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی و، لەقبوونی بیروباوڕیان لە ئاست بەرنامەی سیاسیی گۆڕان و، ماندوبوون و لاوازبوونی قودرەتی ململانێی دەسەڵات لای کەسانێک و، چاوبڕینە پارەو کێکی دەسەڵات، ئەمانەش ژینگەی گەشەکردنیان بۆ لۆبی پارتی لە گردەکە لەبارتر کرد. لە پاڵ ئەوانەشدا پشتیوانی کوڕە بچوکەکەی کاک نەوشیروان (چیا) وەک خاوەنی گردەکە و میدیاو خاوەن کۆمپانیاو سەرچاوەکانی داهاتی گۆڕان لەو رەوتە، هەموو ئەمانە وایان کرد لە ماوەیەکی کەمدا لۆبی ئەو گروپە بە ئاڕاستەی پارتیدا لە ناو بڕیاربەدەستانی گۆڕان بە رۆحیەتێکی نەرجسیانەوە قبوڵ بکرێت".




PM:03:21:14/05/2019