بەریتانیا سەرباز و دیپلۆماتەکانی لە عێراق ئاگادار دەکاتەوە

حکوومەتی بەریتانیا بەهۆی هەڕەشەکانی سەر ئێران ئاستی ھۆشداری بۆ ھاووڵاتییان و ھێزە سەربازییەکان و دیپلۆماتکارەکانی خۆی لە عێراق بەرز دەکاتەوەو سەرباز و دیپلۆماتەکانی ئاگادار دەکاتەوە.

دوای ئەمریکا و ئەڵمانیا و ھۆڵەندا، حکوومەتی بەریتانیا ھۆشداری دەدات کە ھاووڵاتییانی لە عێراق پێویستە ئاگاداری بارودۆخەکە بن.

ماڵپەڕی سکای نیوز بڵاویکردەوە، جیا لە عێراق بەریتانیا ئاستی هۆشداریی بۆ کارمەندانی لە سعوودییە، کوەیت و قەتەریش زیاد کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەک بۆ سکای نیوز ، بەریتانیا ترسی ئەوەی هەیە، هێزەکانی ئێران، یاخود سەر بە ئێران لە عێراق، هێرش بکەنە سەر هێزەکانی بەریتانیا.

دەشڵێت، گومان دەکرێت بۆ ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکە ھێرش بە قەبارەی بچووک بۆ سەر ھاووڵاتییان، یانیش دامەزراوە نەوتییەکان لە عێراق بکرێت، ئامانج لێیان زیانگەیاندن بە بەریتانییەکان بێت.

سەرچاوە جەخت لەوەشدەکاتەوە، کە ئێران و میلیشیا ھاوپەیمانەکانی نیازی ھێرشی گەورەیان نییە، چونکە پلانی پەلکێشکردنی ھیچ ھێزێک بۆ ناو شەڕێکی جددی لە لایەن ئێرانییەکانەوە لە ئارادا نییە.



PM:06:24:16/05/2019