لە یادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا
پرۆ گۆڕان داوای راستکردنەوەی سیاسەتی بزووتنەوەکە دەکات


پڕۆ گۆڕان کە کۆمەڵێکن لە سیاسەتی گۆڕان لەدوای کۆچی نەشیروان مستەفا ڕازینین، داوا دەکەن بۆنەی دووەمین ساڵیادی کۆچی دوای نەوشیروان مستەفا بکەن بە دەرفەتێک بۆ باسکردنی دۆخی خراپی بزووتنەوەکە.

لە راگەیاندراوێکدا کە بۆ ( سپی ) نێردراوە پرۆژەی گۆڕان کە خۆیان بە " پڕۆگۆڕان " ناسیووە داوا دەکەن ساڵیادی دووەمی کۆچی دوای رێکخەری پێشوو بکەنە دەرفەتێک بۆ چارەسەکردنی کێشەکان و دەڵێن " لە روانگەی خەمخۆریەوە، پرۆگۆڕان، لەم یادە غەمبارەدا، جارێکی تر، دەروازە، بۆ لێدوان و باسکردنی دۆخی ناو گۆڕان، بەمەبەستی راستکردنەوەو و گەڕانەوە، بۆ دۆخی ئاسایی سەردەمی زێرینی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، واڵا دەکات و بە دەنگێکی زووڵاڵیش، بە نەیار و و بگرە تێکدەرانی رێبازە سروشتیەکەی گۆڕانیش دەڵێ: "بوەستن لە سەوداکردن و چیتر رێبازەکەی رەوانشاد بۆ مەرامە تایبەتیەکانی خۆتان، بەکارمەهێنن!".

دەقی راگەیەندراوەکە
پەیمان و پەیام لەدووەمین ساڵیادی کۆچی نەوشیروان مستەفادا!

هەڵسوڕاوان و گۆڕنخوازان و جەماوەری دڵسۆزی بزوتنەوەی گۆڕان،
هاونیشتمانانی بەڕێز
هەموو، بە دڵتەنگیەوە، ڕوو لە دووەمین ساڵیادی کۆتا کۆچی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، سەرکردەو کاریزمای مێژووی گەلەکەمان دەکەین.
یادکردنەوەی ئەوسەرکردەیە ، لەئێستادا پێویستی بەهەڵوێستە لەسەرکردن و  ئاوڕدانەوەیە لەرابردوی پڕشکۆو خەبات و تێکۆشانی لەپێناوی ئازادی و سەرفرازی و گۆڕان و گۆڕانکاریدا، مێژوویەک کەپڕێتی لەلاپەڕەی پڕشنگدارو درەوشاوە لەگۆڕەپانی کوردستاندا، تایبەت لەدروستکردنی بزوتنەوەی گۆڕان و  بەراووردکردنی بەدوای کۆچی دوای ڕەوانشاد  ، بزوتنەوەکە پاشەکشەی گەورە لە بواری رێکخراوەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بە سیمای گۆڕانەوە دەبینین لەگەڵ دابەزینی پێگە جەماوەریەکەی. ئەم رۆچوون و پاشەکشەیە، ئاماژەن بۆ ئەوەی بازنەی دەسەڵات لەئاست رابەریکردنی گۆڕان دا نیە و گەروا بڕوا، ئەوا گۆران بە رەو پاشەکشەی زیاترو نائومێدی زیاتر دەبرێت.
هەموو دەزانین کە بزوتنەوەی گۆڕان ، لەسەر دەستی چەند بەرژەوەند خواستێکی بەرووکەش، نزیك لە رەوانشادەوە، دوای زنجیرە بڕیارێکی پڕلەهەڵەو کەموکوڕی و، بەهۆی هەڵپەی بەشداری لە حکومەت و گەیشتن بە پۆستی باڵا، گۆڕانیان بەرەو سستی و لاوازی و پاشەکشێ ی بەرچاو بردووە !
پرۆگۆران، راستەوخۆ، بازنەی دەسەڵاتداری ئێستای بزوتنەوەکە، لە هەموو نووچدانەکانی گۆڕان، بەرپرس دەکا. بێدەنگی یاخود دەربڕینی هەڵوێستی شەرمنانە لەمەڕ رووداوە نەخوازراوەکانی ناو گۆڕان، کوشتنی ئیرادەو ئەوچەمک و پرنسیپانەیە کە گۆڕانیان لەسەر دروست بووە. پرۆگۆڕان، بە راشکاوی باوەڕی بەمەیە کە: "گەر گۆرانخوازان بە گشتی و، هەڵسوڕاوەکان بەتایبەتی و، لەناویاندا، ئەوانەی خاوەن دید و هەڵوێست و پرۆژەن، ئێستا نەتوانن دەوری شیاوو بەرچاوی خۆیان ببینن و هاوکارنەبن لەچارەسەرکردن و رزگارکردنی بزوتنەوەکە لەوهەلومەرجە نەخوازراوەی تێیکەوتووە ، ئەی کەی دەیکەن؟ ئایا  وزەکانیان بۆکەی هەڵگرتووە؟ 
پرۆگۆڕان، لە دووەمین ساڵیادی پڕ شکۆ و خەمناکی کۆچی دوایی سەرکردەی نەتەوەیی خاکی و، رابەر و داهێنەرەکەی، رەوانشاد نەوشیروان مستەفا دا، پەیمان بۆ هەموو گۆرانخوازان و دڵسۆزانی کوردستان تازە دەکاتەوە کە پارێزەری سەرسەختی پرەنسیپە رەسەنەکانی گۆڕان و کارنامەکەی بێ، خۆی لە سەنگەری پێشەوەی پاراستنی گۆڕان و داکۆکیکردن لە مافە رەواکانی گەلدا ببینێتەوە و، ڕوبەڕووی ئەو هەوڵانە ببێتەوە کە سەرقاڵی بەلادابردنی گۆڕانن لە رێباز و ئامانجە پیرۆزەکانی!
لە روانگەی خەمخۆریەوە، پرۆگۆڕان، لەم یادە غەمبارەدا، جارێکی تر، دەروازە، بۆ لێدوان و باسکردنی دۆخی ناو گۆڕان، بەمەبەستی راستکردنەوەو و گەڕانەوە، بۆ دۆخی ئاسایی سەردەمی زێرینی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، واڵا دەکات و بە دەنگێکی زووڵاڵیش، بە نەیار و و بگرە تێکدەرانی رێبازە سروشتیەکەی گۆڕانیش دەڵێ: "بوەستن لە سەوداکردن و چیتر رێبازەکەی رەوانشاد بۆ مەرامە تایبەتیەکانی خۆتان، بەکارمەهێنن!"
دەبێ، ئەوانەی گەمە بە موقەدەراتی گۆڕان دەکەن، چاك بزانن، کە پشوودرێژی رادەی هەیە. پرۆگۆران، گفت بە هەمووان دەدا کە لەسەر لابردن و نەهێشتنی ئەو لەمپەڕانە سوور بێ کە رێ لە شاد بوونەوەی گۆڕان بە پرەنسیپە رەسەن و خەسڵەت و بەها شارستانیەکانی دەگرن و، مکوڕ دەبێ لەسەر سپاردنی جڵەوی رابەریکردنی بزوتنەوەکە بە کاراکتەری بەتوانا و لێوەشاوە و، ماندوونەناس و بە ئەمەك بۆ رێبازەکەو بۆ خودی رەوانشاد، بە هێنانە پێشەوەی هەڵسوڕاوانێ کە خەیاڵیان لای پەیام و ئامانجەکانی گۆڕان و بەرژوەندی گشتی خەڵك بێ؛ نەك هی خۆیان، بڕیارو هەنگاوەکان دەستەجەمعی بن نەک بەمیزاجی شەخسی و تاک لایان. 
لەکۆتاییدا، سەری ڕێزونەوازش بۆ شەهیدانی کورد وکوردستان بەگشتی و هەموو ئەوانەی لە خەونی بەدیهێنانی ئامانجەکانی گۆڕانکاریدا، سەریان ناوەتەوە بەتایبەتی دادەنەوێنین.
شاد بێت رۆحی سەرکردە وکاریزما نەوشیروان مستەفا.

    پرۆگۆران
١٧ی مایسی ٢٠١٩



PM:09:11:17/05/2019