مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە

مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان لەبارەی کێشەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو بە پێویستی زانی کە هەرێمی كوردستان لەم شەرەدا لە هەموو رویەكەوە بپارێزین.

لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی دەست سپی کەوتووە تیایدا مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان ئاماژەی بەوە کردوە" 
پیادەكردنی سزا ئابورییەكانی سەر ئێران و هەرەشەكانی هەردوولا بۆ هەڵگیرساندنی شەری سەربازی بە پلەی یەكەم خەڵكی هەژارو كرێكارانی بیرو بازو باجی دەدەنە".
 
ئاماژە بەوەشدەکات" 
پێویستیشە هەرێمی كوردستان لە هەموو رویەكەوە بپارێزین لەم شەرەدا، ئێمە لە كاتێكدا بانگەوازی حزبمان دژ بە شەڕ و لە پێناوی ئاشتیدا دووپات دەكەینەوە و و داواكاریشین كۆمەڵگای نێودەوڵەتی فشاری جدی دژ بەشەر دروست بكات، هاوكات دەستێوەردانی هێزی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتی لە عێراق وسوریا و لوبنان و یەمەن، قەیرانە جۆراجۆرەكان و شەڕ و چاوگەكانی بارگرژی چارەسەر ناكات،
 

دەقی بەیاننامەكە:

با هەموو تواناكان لە پێناوی ڕوونەدانی جەنگ و وەدیهێنانی ئاشتییەكی بەردەوام بێت ماوەی چەندین ساڵە شەری نێوان ئەمریكاو ئێران لە ئاستی ڕاگەیاندن و ئابوری و سیاسیدا بەردەوامی هەیە، و لەم ماوەیەشدا چۆتە قۆناغێكی مەترسیدارترەوە. ئەم بابەتەش هاوكات لەگەڵ بەردەوامی چاوگەكانی بارگرژی و پێكدادان و شەڕی نێوخۆیی بە دەستێوەردانی دەرەكی لەهەر یەك لە سوریا و یەمەن و لیبیا، جگە لە شەڕی تیرۆر و داعش . جگە لە هۆكار و ململانییە ناوخۆییەكان كە پەیوەندی بە سروشتی حوكمرانی لە دەوڵەتانی ناوچەكەدا هەیە، بەشێكی زۆری شەڕەكانی ئەم ناوچەیە لە چوارچێوەی ویستی پاوانخوازی دەوڵەتانی سەرمایەدرایدایە بۆ تێپەڕاندن و گواستنەوەی جوگرافیای قەیرانەكانی سیستەمی سەرمایەداری لە چوارچێوەی ئەجندای ئیمپریالیزمی تازە بە سود وەرگرتن لە ئیشكالیەتی دەوڵەت و سیستەمی بەرێوەبردن لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدایە.

پیادەكردنی سزا ئابورییەكانی سەر ئێران و هەرەشەكانی هەردوولا بۆ هەڵگیرساندنی شەری سەربازی بە پلەی یەكەم خەڵكی هەژارو كرێكارانی بیرو بازو باجی دەدەن، و رێگا لە گۆرانكارییەكان لە سەر بنەمای ئیرادەی گەلان دەگرێت، لە كاتێكدا بنەمای شەرو ململانێكانی وڵاتانی سەرمایەداری رۆژئاوا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست پەیوەندی بە گۆرانكاری بە ئاراستەی ژیانێكی باشتر بۆ خەڵكی زەحمەتكێش و بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانییەوە نیە، بەڵكو لە لای وڵاتانی رۆژئاوا مەبەست لێی دۆزینەوەی بازاری تازە و بابەتی وزە و زیادكردنی خەرجی سەربازییە لە چوارچێوەی ئابوری جەنگ و پێنەكردنی قەیرانەكانی سیستەمی سەرمایەداری، و بۆ وڵاتانی رژێمە سەركوتكرەكانی رۆژهەڵاتیش لە پێناو لاوازكردنی هێزی جەماوەری ناوەخۆییە بە ئاراستەی رێگری لە گۆڕانكاری لە سەر بنەمای خواست و ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلان.

پێویستیشە هەرێمی كوردستان لە هەموو رویەكەوە بپارێزین لەم شەرەدا، ئێمە لە كاتێكدا بانگەوازی حزبمان دژ بە شەڕ و لە پێناوی ئاشتیدا دووپات دەكەینەوە و و داواكاریشین كۆمەڵگای نێودەوڵەتی فشاری جدی دژ بەشەر دروست بكات، هاوكات دەستێوەردانی هێزی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتی لە عێراق وسوریا و لوبنان و یەمەن، قەیرانە جۆراجۆرەكان و شەڕ و چاوگەكانی بارگرژی چارەسەر ناكات، و تەنها ڕێگا بۆ ئاشتی گەڕانەوەیە بۆ خواست و ئیرادەی گەلانی ناوچەكە لە دەستنیشان كردنی چارەنوسی خۆیان و جێبەجێكردنی ئاشتی و بەیەكەوەژیان، وتێكۆشان لە پێناوی هێنانەدی یەكسانی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی.

مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان
18ی ئایاری 2019



PM:08:17:18/05/2019