مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کۆبوونەوەدایە
سپی ناوی دوو کاندید بۆ جێگری سەرۆکی هەرێم ئاشکرا دەکات

مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆبوونەوەدایە بۆ یەکلایکردنەوەی کاندیدەکانی پۆستی جێگری هەرێم و جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، کە ئەم پۆستانە پشکی یەکێتین لە کابینەی نوێ.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست" سپی " کەوتووە، هەر یەک لە عومەر فەتاح و شێخ جەعفەر مستەفا کاندیدن بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم، هەروەها کاندیدی بەهێزی سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانییە، هەریەک لە بێگەرد تاڵەبانی و ڕێواس فایەقیش، کاندیدن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان.

 دەربارەی یەکلایی کردنەوەی ناوی ئەو کاندیدەکانی بۆ ئەو پۆستانە، " سپی " زانیوویەتی کە ئەگەر لەلایەن مەکتەبی سیاسیەوە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا یەکلایی نەکرێتەوە، ئەوا دەخرێتە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ئەو حیزبەوە.

میدیای فەرمی یەکێتی بەم شێوەیە باسی لە کۆبوونەوەکە کرد" له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی مه‌كته‌بی سیاسیدا گفتوگۆی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێم و كاراكردنه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پشكی یه‌كێتی له‌حكومه‌ت و به‌ره‌و پێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عیراق ده‌كرێت".



PM:12:57:19/05/2019