ڕاپۆرتێكی بەریتانی پلانی ئەمریكا بۆ لێدانی ئێران ئاشكرادەكات

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە بەریتانیە ئیدارەی ئەمریكا ئامادەسازی دەكات بۆ لێدانی ئێران هاوشێوەی لێدانی عێراق لە ساڵی 2003.

ئەو ڕاپۆرتە كە هەریەكە لە ئێریك شمیپ و جۆلیا ئای بارنز بۆ ڕۆژنامەی "ئیندپێندنتی" بەریتانی ئامادەیان كردووە و ڕۆژی 19ی مانگ بڵاوكراوەتەوە تیایدا هاتووە پاتریك شاناهان، وەزیری بەرگری ئەمریكا بە وەكالەت لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا كە لەگەڵ ترەمپ و یاریدەدەرەكانی لە ئاسایشی نەتەوەیی ڕۆژی پێنجشەممە سازیان كردووە پلانێكی سەربازی داڕێژراوە كە 120 هەزار سەربازی ئەمریكی بنێرێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەر ئێران هێرش بكاتە سەر هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە و پەرە بە پێشخستنی چەكی ئەتۆمی بدات.

بەپێی ڕاپۆرتەكە ئەم پلانە سەربازیە لەسەر داوای تونڕەوەكانی نێو ئیدارەی ئەمریكا لەسەری هەمویانەوە جۆن بۆڵتن داڕێژراوە كە ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكایە.

بەپێی ئەو پلانە سەربازیە ئەمریكا شەڕی زەمینی ئێران ناكات لەبەرئەوەی شەڕێكی لەو جۆرە پێویستی بە بڵاوكردنەوەی هێزێكی زۆری ئەمریكی دەبێت.

پلانەكە كاریگەریەكی زۆری جۆن بۆڵتنی بەسەرەوەیە كە بە یەكێك لە توندڕەوترین كەسانی ئیدارەی ئەمریكا دژی ئێران دادەنرێت و چەندین جار ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە كە هێرش بكرێتە سەر ئێران تەنانەت لە سەردەمی جۆرج بۆشی كوڕ.

ئەم هەنگاوە بەلای ترەمپەوە پەسەند نیە كە ژمارەیەكی زۆر لە سوپای ئەمریكی بنێرێت بۆ ناوچەكە لەكاتێكدا ئەو دەیەوێت هێزەكانی لە ئەفغانستان و سوریا بكشێنێتەوە.

سەبارەت بە پرسیارێك كە ئاڕاستەی ترەمپ كراوە كە ئایا هێرشی سەربازی دەكەنە سەر ئێران دەڵێت "با چاوەڕوانی هەڵسوكەوتەكانی ئێران بكەین ئەگەر هەر هەنگاوێك بنێ دژمان ئەوا هەڵەیەكی زۆر كوشندە ئەنجام دەدات".

ڕاپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ئەم پلانەی ئەمریكا هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە، بەڵام ئەوانەی دەیانەوێت ئەم كێشانەی ئەمریكا و ئێران بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت ئەم هەنگاوە بە تاكتیك دەزانن.

هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەكانی ئەمریكاش لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا نیگەرانی خۆیان ڕاگەیاندووە لەو بارگرژیەی كە لەنێوان ئێران و ئەمریكادایە و مەترسی ئەوەیان هەیە شەر دروستبێت بێ هیچ مەبەستێك.

هەندێك لە بەرپرسانی ئەمریكا توشی شۆك بوون كاتێك كە باسی ناردنی 120 هەزار سەرباز كرا كە نزیكە لەو ژمارەیەی ساڵی 2003 ڕژێمی سەدامیان پێ ڕووخاند و پێیانوایە ئەم ژمارە سەربازە دەبنە ئامانجێكی باش بۆ هێزە ئێرانیەكان و ئەنجامێكی پێچەوانە دروستدەكات لەسەر ئەمریكا.

لەو كۆبوونەوانەی كە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كردوویەتی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا داوایان لە ئەمریكا كردووە دان بەخۆیدا بگرێت.

چەند ڕۆژێك دوای ئەو كۆبوونەوەی پلانەكەی تیادا داڕێژراوە ترەمپ لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند ئێران دەیەوێت لەڕێگەی هێزە گرێدراوەكانی لە  عێراق و سوریا هێرش بكاتە سەرمان، بەڵام هیچ بەڵگەیەكیشی نەخستەڕوو كە ئەو بابەتە بسەلمێمێت.

بژاردەی ناردنی 120 هەزار سەرباز كاتێكی زۆری دەوێت كە چەند هەفتە و مانگێكی پێدەچێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەكە كە پشتی بە ڕاپۆرتی سیخوری نوێ بەستووە بەرپرسانی ئەمریكا لەو بڕوایەدان كە ڕەنگە ناكۆكیەكان بتەقێتەوە لە ئەنجامی كردەیەك كە ببێتە مایەی توڕەكردنی ئەمریكا.

هاوكات دەقە كۆنەكەی پلانە جەنگیەكەی پنتاگۆن كە بە "نیترۆزیوس" ناسراوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە كارەبای شارە گەورەكانی ئێران ببڕدرێت وە لە كاتژمێرەكانی یەكەمی شەردا ئێران توشی ئیفلیجی بكرێت و ئینجا هێرش دەستپێبكات كە ئیدارەی ئێستای ئەمریكا ئەمانە بە پێویست نازانێت.

لەوەتەی بۆڵتن بووە بە ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكا لە 2018 وە هەوڵدەدات كارەكانی ئیدارەی ترەمپ چڕبكاتەوە بۆ كەنارخستنی ئێران و زیادكردنی فشار لەسەری.

بۆڵتن كە لە سەردەمی بۆشدا یاریدەدەری سەرۆكی ئەمریكا بووە لەو كاتەوە ئاماژە بە گۆڕینی ڕژێمی ئێران دەكات لەڕێگەی هێرشی سەربازیەوە.








PM:02:21:19/05/2019