نێوان پارتی و یەکێتی دەکوڵێت

لەسەر پرسی کەرکوک پەیوەندی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی خراپە و لە ئاستی " کولآندایە ".

نزیکەی ماوەی دوو هەفتەیە رێککەوتنی دووەمی یەکێتی و پارتی واژوو کراوە، لە کاتێکدا دەبوایە دوای ئەو رێککەوتنە پارتی و یەکێتی هەنگاوی پێکهێنانی کابینەی نوێیان بهاویشتایە، بەلآم بە پێچەوانەوە ماوەی چەند رۆژێکە ناکۆکی کەوتۆتە نێوان هەر دوو حیزبی کوردیەوە لەسەر پرسی کەرکوک و چۆنێتی دانانی پارێزگار و چارەسەری کێشەکانی تری ناوچە جێناکۆکەکان.

دوێنێ ١٩ ی ئایار مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسەر دوای کەرکوکیەکانی نێو مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی کۆبوونەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا ئاماژەیان بۆ هەڵوێستی پارتی کردووە لەسەر رێککەوتن لەسەر پرسی کەرکوک، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە نوێنەرایەتی کەرکوک دەکەن، پێیانوایە پارتی نایەوێت رێککەوتنی نێوانیان لەسەر کەرکوک و دانانی پارێزگار بۆ ئەو شارەو ناوچە جێناکۆکەکان لە کاتی خۆیدا جێبەجێبکات.

رایەک هەیە لە ناو مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا کە پێیوایە پارتی لەسەر کەرکوک ناچێتە ژێرباری رێککەوتنی نێوانیان، بەمەش دەیانەوێت تۆڵەی هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بە سەرۆکی عێراق کە بەناڕەزایەتی پارتی بەڕێوەچوو، لە یەکێتی بکەنەوە، نموونەشیان بۆ ئەوە پارتی دەنگدەدات بۆ پارێزگارێکی عەرەب بە موسڵ، بەلآم ئامادە نییە دەنگ بدات بە پارێزگارێکی کوردی یەکێتی بۆ کەرکوک.

یەکێتی پێیوایە، دەبێت هەر لەگەڵ واژووکردنی رێککەوتنی دووەمی یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستەکانی حکومەتی کە دوو هەفتە لەمەوبەر  لە سلێمانی ئەنجامدرا، دەبوایە وەفدی پارتی و یەکێتی روویان بکردایەتە بەغدا بۆ رێککەوتن لەگەڵ ناوەنددا و دانانی پارێزگارێکی کورد سەر بەیەکێتی بۆ کەرکوک، بەلآم پارتی ئامادە نییە، ئەو هەنگاوە بنێت و دەیەوێت دوای ئەوەی مەسرور بارزانی و کابینەکەی متمانەیان پێدرا، ئەوجا پارتی و یەکێتی ئەو هەنگاوە بنێن.

ئێستا دۆخی پەیوەندی پارتی و یەکێتی لە بارێکی ئاساییدا نییەو هیچ ئاسۆیەکیش دیار نییە کەی چاکدەبێت، کە رەنگە پارتی لە ئەنجامدا هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و پێکهێنانی کابینەی نوێ، بێ یەکێتی ئەنجام بدات و پۆستەکانی یەکێتی بە بۆشی جێبهێڵێت.
     



PM:11:01:20/05/2019