ئەمڕۆش ٢١ ی ئایار دانیشتنێکی تری دادگاییکردنی هێرشبەرانی سەر ئاسۆس هەردی رۆژنامەنووس تێپەڕی، بەبێ ئامادەبوونی تۆمەتباران، ماوەی هەشت ساڵە ئەم دۆسیەیە لەدادگاکاندا دێت و دەچێت و یەکلای نەبۆتەوە.
کارزان فازڵ پارێزەری دۆسیەی هێرشکردنە سەر ئاسۆس هەردی لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەری سپی میدیا وتی" ئەمڕۆ سێشەممە جارێكی دیكە دۆسیەی دادگاییكردنی تۆمەتباران دواخرا و تا ئێستاش پۆلیس تۆمەتباران ئاگادارناکاتەوە کە كەسانی دیارن و شوێنیشیان زانراوە".
پارێزەرەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، "تۆمەتبارانی کەیسەکە، كە پێشمەرگەن، تا ئێستا تەبلیغ نەكراون، موفاتەحەی هێزەكانی یەكەی ٧٠ی هێزی پێشمەرگەش كراوە، كەچی پۆلیس تەبلیغی تۆمەتبارەكان ناكەن."
ڕوونیشیکردووەتەوە، "ناو و شوێنی تۆمەتبارەكان زۆر دیار و ئاشكران و پۆلیسی سلێمانی هەڵناسێت بە ئاگاداركردنەوەی تۆمەتبارانی هێرشكردنەكە کە ڕووداوەكە دەگەڕێتەوە و هەموو جارێك بە بیانوی ئاگادارنەكردنەوەی تۆمەتبارەكان دادگاییەكە دوادەخرێت."
لە ساڵی ٢٠١١ و ماوەیەک دوای بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات، لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرشکرایە سەر ڕۆژنامەنووس ئاسۆس هەردی، کە ئەوکاتە سەرۆکی کۆمپانیای ئاوێنەبوو کە رۆژنامەی ئاوێنەی دەردەکرد.