نووسینگەی رۆژنامەوانی د. نەجمەدین کەریم دەستگیرکردنی ناوبراو لە بەیروت رەتدەکاتەوە، پێشیوایە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە بۆ چەواشەکردنە.
لەو روونکردنەوەیەدا هاتووە" جارێکی تر چەند کەناڵێکی راگەیاندن وەک پیشەی هەمیشەییان و دوور لە پرەنسیپ و ئیتیکی کاری رۆژنامەوانی، هەواڵێکی چەواشەکارییان بڵاوکردووەتەوە، گوایە بەڕێز دکتۆر نەجمەدین کەریم لە کاتی گەشتکردنی بۆ وڵاتی لوبنان، لە فڕۆکەخانەی بەیرووت دەستگیرکراوە".
دەقی روونکردنەوەکە:
جارێکی تر چەند کەناڵێکی راگەیاندن وەک پیشەی هەمیشەییان و دوور لە پرەنسیپ و ئیتیکی کاری رۆژنامەوانی، هەواڵێکی چەواشەکارییان بڵاوکردووەتەوە، گوایە بەڕێز دکتۆر نەجمەدین کەریم لە کاتی گەشتکردنی بۆ وڵاتی لوبنان، لە فڕۆکەخانەی بەیرووت دەستگیرکراوە.
لێرەوە بۆ هەموو هاونیشتمانیان لە کوردستان و بەتایبەت شاری کەرکوک رادەگەیەنین؛ کە سەرلەبەری ئەو هەواڵە دوورە لە راستیەوە و بەڕێز دکتۆر نەجمەدین کەریم، بۆ کاری ئاسایی و دیپلۆماتی خۆی گەشتی دەرەوەی وڵاتی کردووە و هەفتەی داهاتوو دەگەڕێتەوە کوردستان.
هاوکات بە پێویستی دەزانین ئەوە بخەینەڕوو؛ دروستکردنی ئەم جۆرە هەواڵانە بۆ چەواشەکردن و بەلاڕێدابردنی هاونیشتمانییانە و هەروەها بۆ دوورخستنەوەی رایگشتییە لەو کێشە و گرفتانەی ئەمڕۆ لە پارێزگای کەرکوک هەن.
نووسینگەی رۆژنامەڤانی
د. نەجمەدین کەریم