خامنەئی هۆکاری جێبەجێنەکردنی رێکەوتنە ئەتۆمیەکە دەخاتە ئەستۆی رۆحانی و زەریف

ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران تۆمەتباردەکات، بەوەی وەک پێویست مامەڵەیان لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە نەکردووە.

عەلی خامنەئی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر پێگەی فەڕمی خۆی رایگەیاند، لە زۆربەی کاتەکاندا متمانەی بە شێوازی جێبەجێکردنی ڕێککەتنە ئەتۆمییەکە نەبووە.

خامنەئی ئاماژەی بەوەشکردووە ، چەندین جار حەسەن رۆحانیی سەرۆک کۆماری ئێران و محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی لە نەبوونی متمانەی خۆی بە رێککەوتنەکە، ئاگادار کردووەتەوە.

ئەوەش یەکەمجارە خامینەئی ڕەخنە لەو دوو کەسایەتیە سیاسیە بگرێت، کە بە ئەندازیار و پشتیوانی یەکەمی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە ناودەبرێن.

رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک( (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین و ئەڵمانیا.) لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.

شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و  وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.دوای کشانەوەی ئەمریکاش لەو رێککەوتننامەیەو  سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.

ماوەیەکە  بارودۆخی نێوان ئەمریکا و ئێران زۆر ئاڵۆز بووە و ئەمریکا دەیان هەزار سەربازی لە عێراق خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشی و کەشتیگەلێکی گەورەی سەربازیشی ناردووەتە ئاوەکانی کەنداوی عەرەبی.

 
 


AM:09:54:23/05/2019