دوو کۆمپانیای بیانی لە ڕێگای یاساوە داوای پشکەکانیان لەسیروان بارزانی دەکەن

دوو کۆمپانیای بیانی کە هاوبەشی کۆڕەک تیلیکۆم بوون و لەلایەن دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە عێراقەوە تەواوی پشکەکانیان بەخشراوەتە سیروان بارزانی و دوو وەبەرهێنەری ناوخۆیی دیکە، لە رێگای یاساییەوە داوای پشکەکانیان دەکەن.

بە گوێرەی بەڵگەنامەیەکی فەرمی کە دەست ماڵپەڕی "بلومبێرگ" کەوتووە، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، لەسەدا ٤٤ی پشکەکانی کۆمپانیای کۆرەک تێلیکۆمی لە کۆمپانیا بیانییەکان سەندەوە، بەو پێیەی پابەند نەبوون بە مەرجەکانی رێککەوتنەکە کە لەلایەن هەردوو کۆمپانیای (ئۆڕەنج)ی فەڕەنسی و کۆمپانیای (ئەجیلیتی) کوەیتییەوە خاوەندارێتی دەکران و، دراونەتە سیروان بارزانی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکەو دوو هاوبەشی ناوخۆیی دیکە.

لە ئێستادا پشکەکانی سیروان بارزانی لە کۆمپانیاکە گەیشتووەتە لەسەدا ٧٥ ، دوو وەبەرهێنەری دیکەش خاوەنی بەشەکەی دیکەی پشکەکانی کۆمپانیاکەن.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سیروان بارزانی پشتیوانی لە بڕیارەکەی بەغدا کردووە لەبارەی گواستنەوەی پشکەکانی کۆمپانیاکە، وتووشیەتی "بەهۆی بڕیارەکەوە دوچاری مامەڵەکردن بووم لەگەڵ قەرزەکانی کۆمپانیاکە".

لەدوای لێسەندنەوەی پشکەکانی ئەو دوو کۆمپانیایەش، کۆمپانیای ئۆڕەنج لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی، بەشێوەیەکی نایاسایی پشکەکانی لێسەندندراوەتەوە و هەموو هەنگاوێک دەگرنەبەر بۆ وەرگرتنەوەی قەرەبوو.

هەروەها کۆمپانیای ئەجیلیتی کوەیتی ڕایگەیاند، چەند ڕێوشوێنێکی یاساییان دژ بە بڕیارەکە لە دوبەی و نیویۆرک گرتووەتەبەر، پێش ئەوەی ناوەندی بانکی نێودەوڵەتی جیهان کاربکات بۆ گەڕاندنەوەی پشکەکانیان.

هەردوو کۆمپانیای ئۆڕەنج و ئەجیلیتی لە ساڵی ٢٠١١ پشکیان لە کۆمپانیای کۆڕەک کڕی و بە بڕی ٨١٠ ملیۆن دۆلار کاری وەبەرهێنانیان لە کۆمپانیاکەدا کرد، دواتر لە ساڵی ٢٠١٤، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ڕێکەوتنەکە کاری پێناکرێت، چونکە کۆمپانیاکان پابەند نەبوون بە مەرجەکانی ڕێکەوتنەکە لەبارەی خەرجی و بونیادی نێتۆرکەوە.



PM:05:50:24/05/2019